Accessibility links

ڕۆژی یادەوەری: پەیامی دۆناڵد ترامپ و پیرۆزبایی لە گەلی ئەمەریکا

ئەمڕۆ دووشەممە، 25ی مانگی پێنج ڕۆژی یادەوەرییە (Memorial Day) کە پشوویەکی فەرمییە و تێیدا ئەمەریکاییەکان ڕێز لەو کەسانە دەگرن کە لە ساڵی 177ەوە تاکو ئێستا لە پێناو ئازادی ئەمەریکا تێکۆشاون.

یەکەم یادی ڕۆژی یادکردنەوە لە 30ی مانگی پێنجی ساڵی 1868 بوو کە لەلایەن جۆن لۆگانەوە ڕاگەیەندرا کە جەنەراڵێکی پێشووی سوپای یەکێتی بوو و سەرکردایەتی ڕێکخراوێکی سەربازە دێرینەکانی دەکرد. مەبەست لێی ڕێزلێنان بوو بۆ ئەو کەسانەی کە لە شەڕی ناوخۆی ئەمەریکادا شەڕیان کردووە بۆ پاراستنی یەکێتی.

دوای جەنگی جیهانی یەکەم، ڕۆژی یادکردنەوە بۆ ڕێزلێنان لە هەموو ئەو ئەمەریکایانە کە لە شەڕدا گیانیان لەدەستداوە، دانرا.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا زۆربەی مێژووی خۆی لە ئارامیدا بووە. بەڵام لە ساڵی 1775ەوە زیاتر لە ملیۆنێک سەرباز و دەریاوان و فڕۆکەوان و دەریاوان لەپێناو وڵاتەکەیان گیانیان لەدەستداوە.

خوێناویترین و وێرانکەرترین شەڕ لە مێژووی ئەمەریکادا شەڕی ناوخۆ بوو کە نزیکەی 600 هەزار ئەمەریکایی تێیدا کوژرا. ئەم ژمارە چاوەڕواننەکراوەی کوژراوان بووە هۆی دروستکردنی یەکەم گۆڕستانی نیشتمانی لە شاری ئارلینگتۆن لە ویلایەتی ڤێرجینیا.

لەم ڕۆژەدا ڕێزێکی تایبەت لە ناو و یادی ئەو ئەمەریکایانە دەگیرێت کە لە شەڕدا گیانیان لەدەستداوە و هەرگیز تەرمەکانیان نەدۆزراوەتەوە و نەناسێنراوەتەوە. لە کۆی زیاتر لە 400 هەزار ئەمەریکایی کە لە جەنگی جیهانی دووەمدا گیانیان لەدەستداوە، 78 هەزار کەسیان هەرگیز تەرمەکانیان دەستنیشان نەکراون و نەدۆزراونەتەوە و بێ سەروشوێن بوون.

لە ڕۆژی یادکردنەوەدا، سەرۆکی ئەمەریکا بە شێوەیەکی نەریتی تاجە گوڵینەیەک لەسەر گۆڕی سەربازە ون و بێ سەروشوێنەکان لە گۆڕستانی نیشتمانی ئارلینگتن دادەنێت. لە سەربەردی مەڕمەڕی ئەو گۆڕەی گوڵەکەی لەسەر دادەنرێت نووسراوە "لێرەدا سەربازێکی ئەمەریکایی کە تەنها خودا دەیناسێت، بە شانازییەوە ئارامی گرتووە."

سەرۆک دۆناڵد ترامپ لە پەیامێکدا بە بۆنەی ڕۆژی یادکردنەوە پیرۆزبایی ئەم ڕۆژەی لە گەلی ئەمەریکا کرد و ڕێزی لە سەربازانی قوربانی و ئەو کەسانە گرت کە لە پێناو وڵاتدا گیانیان لەدەستداوە. ترامپ لە پەیامەکەیدا جەختی لە ڕێزگرتن لە قارەمانانی سوپای ئەمەریکا و گرنگی یادکردنەوەی ئەو کارەی کردوویانە، کردەوە و هیوای ئارامی و سەربەرزی بۆ کەسوکاری سەربازەکان خواست.

This item is part of
XS
SM
MD
LG