Accessibility links

گراهام بە توندی پشتگیری لە پلانی ترامپ دەکات بۆ "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ"

لە کاتێکدا کە ڕاوێژکارییە دیپلۆماسییەکان سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ ئەمەریکا و ڕۆژئاوا بەردەوامە، لینزی گراهام سیناتۆری کۆمارییەکان پشتیوانی لە پلانە نوێیەکەی دۆناڵد ترامپ کردووە بۆ بەستنەوەی دانوستانەکانی ئێران بە فراوانکردنی ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام، پلانێک کە بە وتەی ئەو دەتوانێت لە بنەڕەتدا هاوسەنگی سیاسی و ئەمنی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگۆڕێت.

گراهام لە پەیامێکی دوورودرێژدا لە تۆڕی ئێکس ڕایگەیاندووە ئەگەر دانوستانەکان لەگەڵ ئێران ببنە هۆی ئەوەی وڵاتانی وەک سعودیە، قەتەر و پاکستان بچنە پاڵ ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام، ئەوا ڕێککەوتنەکەی ئەمەریکا و ئێران یەکێک دەبێت لە "پێشهاتە مێژووییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

ناوبراو نووسیویەتی "پەیوەست بوونی وڵاتانی سعودیە، قەتەر و پاکستان بە ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام گۆڕانکارییەک لە دەرەوەی خەیاڵ بۆ ناوچەکە و جیهان دەبێت، ئەمەش هەنگاوێکی زیرەکانەیە لەلایەن سەرۆک ترامپەوە."

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە گفتوگۆکان سەبارەت بە ئەگەری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ڕیاز و تەلئەڤیڤ جارێکی دیکە لە بازنەی سیاسی ئەمەریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چەند مانگی ڕابردوودا زیادیان کردووە. شرۆڤەکاران پێیان وایە هەر ڕێککەوتنێکی نێوان سعودیە و ئیسرائیل دەتوانێت پێکهاتەیەکی ئەمنی نوێ لە ناوچەکەدا دروست بکات و هاوسەنگی هێز بەشێوەیەکی بەرچاو بگۆڕێت.

گراهام هەروەها داوای لە وڵاتانی عەرەبی کردووە ئەم دەرفەتە بەکاربهێنن بۆ داڕشتنی "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ" و هۆشداریدا لەوەی دژایەتیکردنی ئەم پرۆسەیە دەتوانێت لێکەوتەی جددی بۆ پەیوەندییەکانی داهاتوو لەگەڵ واشنتن هەبێت.

ڕێککەوتنی ئەبراهام بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2020، لە سەردەمی سەرۆکایەتی ترامپ، لە نێوان ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی عەرەبی، لەوانە ئیمارات، بەحرەین، مەغریب و سودان هاتە ئاراوە، ڕێککەوتنێک کە بە یەکێک لە گرنگترین پڕۆژە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەیەی ڕابردوودا دادەنرێت.

ئێستا لەگەڵ ئەگەری پەیوەستبوونی یاریزانە گەورەکانی وەک سعودیە لەم پرۆسەیەدا، زۆرێک لە چاودێران باس لە دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ دەکەن لە هاوکێشە جیۆپۆلیتیکییەکانی ناوچەکەدا؛ قۆناغێک کە دەتوانێ لە یەک کاتدا ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر دۆسیەی ئێران، پەیوەندییەکانی عەرەب و ئیسرائیل و داهاتووی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێت.

This item is part of
XS
SM
MD
LG