دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەمەریکا هەموو هێزی ئاسمانی و دەریایی ئێرانی لە ناو بردووە، وتی ئێستا تەنها پرسیار لەبارەی ئێران ئەوەیە؛ ئایا کارەکە تەواو دەکەین یان ئەوان ڕێککەوتنەکە واژوو دەکەن؟.
سەرۆکی ئەمەریکا لە مەراسیمی دەرچووانی ئەکادیمیای پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە ئێران وتی "هەموو شتێکیان لەناو چووە. هێزی دەریایی ئەوان نەماوە. هێزی ئاسمانییان نەماوە. تاکە پرسیار ئەوەیە، ئایا دەگەڕێینەوە و کارەکە تەواو دەکەین؟ یان ئایا بڕیارە ڕێککەوتنێک واژۆ بکەن؟ با بزانین چی ڕوودەدات."
ترامپ ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە لە سەر داوای چەند سەرکردەیەکی ناوچەکە هێرشی ڕۆژی سێشەممەی بۆ سەر ئێران هەڵوەشاندووەتەوە.
هەروەها ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند ئێران تەنیا چەند ڕۆژێکی ماوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەمەریکا بگەنە ڕێککەوتن ئەگەرنا ڕەنگە هێرشێکی دیکەی سەربازیی گەورە بکاتە سەر ئەو وڵاتە.
دۆناڵد ترامپ کاتژمێرێک پێش وتارەکەی ڕۆژی چوارشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند دانوستانەکان لەگەڵ ئێران لە "قۆناغی کۆتایی"دایە و هۆشداریشی دا کە ئەگەر ئێران بە ڕێککەوتنەکە ڕازی نەبێت، هێرشی زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
ترامپ سەبارەت بە ئێران: ئێمە دەگەڕێینەوە و کارەکە تەواو دەکەین یان ئەوان ڕێککەوتنەکە واژۆ دەکەن