Accessibility links

کۆمپانیای کەیپڵەر: ئێران تا دوو مانگی دیکە هیچ نەوتێکی نابێت بیداتە چین

کۆمپانیای کەیپڵەر کە شیکاری داتا و بەدواداچوونی کاڵا و ڕۆیشتنی وزە لە سەرانسەری جیهاندا دەکات، دەڵێت نەوتی سەر ئاوی ئێران لە ئاوه‌ ئاسیاییەکاندا بە خێرایی کەم دەبێتەوە و ئەگەر گەمارۆی دەریایی ئەمەریکا بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی بەردەوام بێت، تا دوو مانگی دیکە ئێران هیچ نەوتێکی نابێت بیداتە چین.

نەوتی سەر ئاو ئەو نەوتەیە کە دەرهاتووە و لەسەر کەشتیە نەوتهەڵگرەکان لە دەریاکان ئەسووڕێتەوە تا کڕیاری بۆ بدۆزرێتەوە یان رادەستی کڕیار بکرێت.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، نەوتی سەرئاوی ئێران لە ئاوه‌ ئاسیاییەکاندا لە کاتی دەستپێکردنی گەمارۆی دەریاییەوە 33 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە و گەیشتووەتە 89 ملیۆن بەرمیل.

هۆمایون فەلەکشاهی، شارەزای باڵای کۆمپانیای کەیپڵێر، دەڵێت لە کاتی دەستپێکردنی گەمارۆی دەریاییەوە، هیچ نەوتێکی ئێران نەیتوانیوە لە هێڵی گەمارۆکە تێپەڕێت. هەروەها بارکردنی ڕۆژانەی نەوتی ئێرانیش بە نزیکەی 1.5 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە و گەیشتووەتە تەنها 640 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

ئەو نەوتەی کە بارکراوە لەسەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان، بە شێوەیەکی کردەوەیی لە ئاوه‌ باشوورییەکاندا وەستاوە.

عەمبارکردنی نەوتی ئێران لە دامەزراوەکانی سەر زەویش بە زیادبوونی 15 ملیۆن بەرمیل گەیشتووەتە 75 ملیۆن بەرمیل و شوێنی کەمێک بۆ هەڵگرتنی نەوتی زیاتر لە عەمبارەکانی ناوخۆی ئێران ماوە.

ئەگەر کۆماری ئیسلامی نەیتوانێت هەناردەکردنی نەوتی خۆی بەردەوام بکات، ناچار دەبێت بیرە نەوتییەکان دابخات و بەرهەمهێنان تەنها لە ئاستی بەکارهێنانی ناوخۆیی بهێڵێتەوە. بە واتایەکی تر، بەرهەمی نەوتی ئێران دەبێتە نیوە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG