وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی سێشەممە 19ی مانگی پێنج ڕایگەیاند لە چوارچێوەی بەرنامەی پاداشت بۆ دادپەروەری وەزارەتەکە "پاداشتی 15 ملیۆن دۆلار" پێشکەش دەکات بۆ هەر کەسێک کە زانیاری لەسەر تۆڕە داراییەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بدات.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە "سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی و لقەکانی، سوپای قودسی سوپای پاسداران و فەرماندەیی سایبری و ئەلیکترۆنی سوپای پاسداران، چالاکییە تیرۆریستییەکان لە سەرانسەری جیهان بەڕێوەدەبەن و پشتیوانی لە تیرۆر دەکەن."
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە "سوپا بۆ دابینکردنی بودجەی چالاکییەکانی چەندین شێوازی دارایی جۆراوجۆر بەکاردەهێنێت."
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە "ئەگەر زانیاریت هەیە لەسەر تۆڕی دارایی سوپای پاسداران، دەتوانیت زانیاریەکانت پێشکەشی وەزارەتەکە بکەیت و لەوانەیە شایستەی خەڵات و تەنانەت گواستنەوەش بیت بۆ شوێنێکی سەلامەت و پارێزراو."
وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێشتریش ڕۆژی پێنجشەممە 14ی مانگی پێنج بەیاننامەیەکی ڕاگەیاندبوو کە 15 ملیۆن دۆلار پاداشتی بۆ هەر کەسێک دیاریکردبوو کە زانیاری لەسەر تۆڕە داراییەکانی سوپای پاسداران بداتە ئەو وەزارەتە.