کاربەدەستانی ئەبوزەبی ڕایانگەیاند، ڕۆژی یەکشەممە دوای هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئاگر لە جەنەرەیتەرێکی کارەبا بەربووە کە دەکەوێتە دەرەوەی وێستگەی ئەتۆمی بەرەکا لە ناوچەی ئەلدەفرای ئیمارات (میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب.)
دەسەڵاتداران دەڵێن، ئاگرەکە کاریگەری لەسەر سەلامەتی وێستگەکە و ئاستی سەلامەتی تیشک و ئامادەیی سیستەمی سەرەکی وێستگەکە نەبووە و هەموو یەکەکانیش بەردەوامن لە کارکردنی ئاسایی کارگەکە.
هیچ کەسێک دەستبەجێ بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشەکەدا نەگرتووەتە ئەستۆ بەڵام بە گوێرەی ڕاگەیاندنەکان گومانەکان دەستبەجێ کەوتە سەر ئێران، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەڕەشەی زیاتری بۆ سەر ئیمارات کردووە، چونکە ئەو وڵاتە لە کاتی شەڕدا میوانداری سیستەمی بەرگری مووشەکی گومبەزی ئاسنینی ئیسرائیلی کردووە.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە گرژییە ناوچەییەکان و هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە کەنداوی فارس نیگەرانییەکانی سەبارەت بە ئاسایشی ژێرخانی وزە و دامەزراوە هەستیارەکان زیاد کردووە.