تۆم باراک نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سوریا لە پلاتفۆرمی ئێکس ستایشی دۆخی ئێستای سوریای کرد و ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکەی ساڵی ڕابردووی سەرۆک دۆناڵد ترامپ لەگەڵ سەرۆکی سوریا ئەحمەد شەرع، قۆناغێکی نوێی بۆ سوریا هێنایە ئاراوە.
باراک، کە هاوکات باڵیۆزی ئەمەریکایە لە تورکیا گوتیشی "تەنها ساڵێک لەمەوبەر، کۆبوونەوە مێژووییەکەی سەرۆک ترامپ لەگەڵ سەرۆک ئەحمەد شەرع لە سعودیە قۆناغێکی نوێی دەستپێکرد- ڕاگەیاندنی هەڵگرتنی سزاکان بۆ ئەوەی دەرفەتێک بدرێت بە سوریا بۆ گەشەکردن."
گوتیشی "ئەوە نیشانەیەکی بوێرانە و ئومێدبەخش بوو بۆ سوریا و ناوچەکە."
تۆم باراک ڕایگەیاند "بە سەرکردایەتی سەرۆک ئەحمەد شەرع و بە دیپلۆماسیەتی دڵسۆزی ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوە، ئەو پێشکەوتنەی بەدەستهاتووە جێگای سەرنج بووە."
ئەو دیپلۆماتە ئەمەریکاییە گوتیشی "دەرفەتەکانی لەبەردەمدان بەڵێنی پێشکەوتنی بەرچاو بۆ گەلی سوریا و سەقامگیری هەمیشەیی دەدەن."
گوتیشی ئێستا سوریا مەیدانی تاقیکردنەوەیە بۆ هەماهەنگییەکی نوێی ناوچەیی لە دیپلۆماسی و یەکگرتن و هیوا بۆ هەموو ناوچەکە.
دوێنێ سەرۆکایەتی سوریا لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند کە سەرۆکی وڵاتەکەی لە کۆشکی گەل لە دیمەشق پێشوازی لە تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سوریا کردووە.