ڕووناکیی لەیزەر کە لەم سەردەمەدا لە زۆرینەی کایەکانی ژیان بەکار دێت، هەر لە زانستی پزیشکی و نەشتەرگەرییەوە هەتا دەگاتە بواری ڕازاندنەوەی شەقامەکان، لە بنەڕەتدا لەلایەن زانایەکی ئەمەریکاییەوە داهێنراوە.
زانای ئەمەریکایی ثیۆدۆر مەیمان لە ڕۆژی 16ی مانگی پێنجی ساڵی 1960 بۆ یەکەمجار ڕووناکیی لەیزەری بە سەرکەوتوویی بەکار هێنا.
ثیۆدۆر مەیمان ساڵی 1927 لە شاری لۆس ئەنجلۆسی ویلایەتی کالیفۆڕنیا لە بنەماڵەیەکی جووی خوێندەوار لەدایکبووە. باوکی ئەندازیاری کارەبا و داهێنەر بووە.
ثیۆدۆر مەیمان کاتێک مانگی هەشتی ساڵی 1960 دۆزینەوە بەناوبانگەکەی نارد بۆ گۆڤاری فیزیکاڵ ڕیڤیو لێرەرس، سەرەتا هەڵسەنگێنەرەکانی ئەوێ شکستیان هێنا لە تێگەیشتن لەو داهێنانە و دوو جار ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیان ڕەتکردەوە. دواتر گۆڤاری زانستی نەیچەر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەی بڵاو کردەوە.
دەقی توێژینەوەکەی مەیمان لەسەر بەرهەمهێنانی لەیزەر لە گۆڤاری نەیچەر زۆر بە کورتی نوسراوە. تەنانەت دەتواندرێت وەکوو گرنگترین توێژینەوەی گۆڤارەکە ناو ببرێت کە بەم ژمارە کەمەی وشە و تەنیا لە یەک لاپەڕەدا خراوەتە ڕوو.
دواتر ئەم دۆزینەوە زانستییە دەنگوباسێکی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا و تەنانەت هەندێک بە ''ڕووناکیی مردن'' ناوزەندیان کرد.
لەو کاتەوە گۆڕانکاریی زۆر بەسەر لەیزەر و شێوازی بەرهەمهێنانیدا هاتووە، بەڵام هەموو داهێنانەکانی دواتر لە دۆزینەوەی ئەم زانا ئەمەریکاییە سەرچاوەیان گرتووە.
ئەم ڕووناکییەی کە بۆ یەکەم جار لە کالیفۆڕنیا درەوشایەوە، ئێستا هەموو جیهانی ڕووناک کردووەتەوە و لە چارەسەری سەدان ملیۆن مرۆڤ ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت.