Accessibility links

حزبی دێموکرات دەڵێت ئێران لە سەرەتای ئەمساڵەوە 129 هێرشی دژیان ئەنجام داوە

وێنەی کۆمەڵێک له‌ پێشمه‌رگه‌کانی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
وێنەی کۆمەڵێک له‌ پێشمه‌رگه‌کانی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەولێر بە دەنگی ئەمەریکا ڕادەگەیەنێت، لە سەرەتای دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ سەر ڕژێمی ئێران هەتا ئێستا، ڕژێم 129 هێرشی بۆ سەر پێگەکانی ئەو حزبە و کەمپە مەدەنییەکانی ئەنجام داوە و بەردەوامە لەم هێرشانە.

دوایین هێرشی ئێران بۆ سەر ئامانجەکانی ئەو حزبە ئەمڕۆ هەینی بوو، کاتێک کەمپی جێژنیکان لە پارێزگای هەولێر کرایە ئامانج.

ئامانج زیبایی، ئەندامی ڕێبەری و نوێنەری حزبی دێموکرات لە هەولێر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ''بەداخەوە، ئەمڕۆ جارێکی دیکە کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشێکی دیکەی کردووەتە سەر کەمپ و شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکان و کەمپە سڤیلەکانی ئێمە. ئەمڕۆ بەداخەوە 129یەمین هێرش بوو لە دەستپێکی ئەم شەڕەوە."

ئامانج زیبایی ڕایگەیاند لە هێرشەکەی ئەمڕۆدا، کە لە ڕێگەی درۆنی خۆکوژەوە بۆ سەر کەمپی مەدەنی جێژنیکان ئەنجام دراوە، هیچ زیانێکی مرۆیی نەبووە، بەڵام شوێنەکە زیانی بەرکەوتووە.

ئاماژەی دا بەوەی هێرشەکانی چەند هەفتەی ڕابردوو بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی سێ کەس.

ڕژێمی ئێران ئاو و كاره‌با و بنكه‌ی ته‌ندروستی نێو كه‌مپەکانی ڕۆژهه‌ڵات له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كاته‌ ئامانج
please wait

No media source currently available

0:00 0:03:17 0:00

گوتیشی، ''بەداخەوە کۆماری ئیسلامی دەستی نەپاراستووە؛ لە هەر کوێ توانیبێتی زەڕبەی لێ داوە وەکوو قوتابخانە، نەخۆشخانە و باخچەی منداڵان. بەداخەوە، دوو پێشمەرگەمان شەهید بووە و کوڕێکی گەنجی دیکەش، کە پێشمەرگە نەبوو بەڵام کوڕی بنەماڵەی پێشمەرگە بوو، شەهید بووە.''

حزبی دێموکرات لە بڵاوکراوەیەکیدا سەبارەت بەم هێرشە لە تۆڕی ئێکس ڕایگەیاند، ''سوپای تیرۆرستی پاسدارانی ئێران ئەم بەیانییە لە دژی کەمپی جێژنیکان هێرشێکی نوێی درۆنی خۆکوژی ئەنجام دا. ئەمەش هێرشی دووەمە لە دژی جێژنیکان لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا.''

سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە 8ی مانگی ڕابردوو، ڕژێمی ئێران بەردەوام بووە لە هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی لە ناوچەکەدا، لە نێوانیان لە هەرێمی کوردستان.

حکومەتی ئەمەریکا دەڵێت ئێران هەتا ئێستا دەرفەتی گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتییانەی لەبەردەمدا ماوە. جەخت دەکاتەوە لەوەی ڕژێمی ئێران پێویستە بەتەواوی دەستبەرداری هەوڵەکانی بەدەستهێنانی چەکی ناوەکی ببێت و کۆتایی بە سیاسەتی دوژمنکارانەی لە ناوچەکەدا بهێنێت.

This item is part of
XS
SM
MD
LG