Accessibility links

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا جەختیان کردەوە لەوەی ئێران پێویستە "هەر ئێستا" بێتە سەر مێزی گفتوگۆ

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕایدەگەیەنێت ڕۆژی هەینی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا "پەیوەندییەکی باش"یان ئەنجام داوە و جەختیان کردووەتەوە لەوەی "پێویستە ئێران هەر ئێستا بێتە سەر مێزی دانوستاندن."

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا فرێدریش مێرتز ڕایگەیاند، "پەیوەندییەکی تەلەفۆنی باشم لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ ئەنجام دا لە کاتی گەڕانەوەی لە چین. هاوڕابووین کە پێویستە ئێران هەر ئێستا بێتە سەر مێزی دانوستاندن. دەبێت گەرووی هورمز بکاتەوە. نابێت ڕێگە بە تاران بدرێت چەکی ناوەکی بەدەست بێنێت."

سەرۆک ترامپ ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە بە کاتی چین لە سەردانێکی فەرمییدا گەیشتە بەیجینگ و ئەمڕۆ هەینی کۆتایی بە گەشتەکەی هێنا و لە ڕێگەی فرۆکەی ئەیەرفۆرس وەنەوە گەڕایەوە ئەمەریکا.

پێشتر بڕیار بوو ترامپ سەردانەکەی لە مانگی چواردا ئەنجام بدات، بەڵام چەند هەفتەیەک بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی سەر ڕژێمی ئێرانەوە دواکەوت.

بەر لە بەڕێکەوتنی، سەرۆک ترامپ بە ڕۆژنامەوانانی گوت لەگەڵ سەرۆکی چین شی جینگپینگ "بە فراوانی" باسی ئێرانیان کردووە و جەختی کردەوە لەوەی ئێران دەبێت ئۆرانیۆمی پیتێنراو بداتە دەست ئەمەریکا.

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕایگەیاند جگە لە پرسی ئێران، لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها باسی پرسی ئۆکراینایان کردووە، لە کاتێکدا ڕووسیا هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی ئۆکرانیا چڕ کردووەتەوە.

فرێدریش مێرتز گوتی، "هەروەها باسمان لە چارەسەری ئاشتیانە بۆ ئۆکراینا کرد و هەڵوێستەکانمان هەماهەنگ کرد بەر لە کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە."

گوتیشی، "ئەمەریکا و ئەڵمانیا هاوبەشی بەهێزن لە ناتۆیەکی بەهێزدا."

This item is part of
XS
SM
MD
LG