وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا دەڵێت لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا هیچ نەوتێک لە دوورگەی خارگی ئێرانەوە نە چووەتە ژوورەوە و نە چووەتە دەرەوە.
سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا کە یاوەری سەرۆک ترامپ دەکات لە گەشتێکدا بۆ چین، ڕۆژی پێنجشەممە 14ی مانگی پێنج بە کەناڵی سی ئێن بی سی وت "دامەزراوەی سەرەکی بارکردنی نەوت لە ئێران دامەزراوەی دوورگەی خارگە. بینیمان لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا هیچ بارکردنێک نەبووە، ئێمە پێمان وایە کە عەمبارەکانیان پڕ بووە."
بێسێنت بە ئاماژەدان بە وێنەکانی مانگی دەستکرد، وتی هیچ کەشتییەک ناچێتە ژوورەوە و لەوێشەوە دەرناچێت و ڕژێمی ئێران ناتوانێت نەوتەکەی عەمبار بکات و بۆیە دەست دەکەن بە داخستنی بەرهەمهێنانی.
وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا وتیشی بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە دەزانین ئێران ڕژێمێکی خراپەکارە. ئەمساڵ تا ئێستا 30 بۆ 40 هەزار کەسیان کوشتووە و بەشێکی زۆریان خۆپیشاندەر بوون. کەواتە چۆن مامەڵە لەگەڵ دەسەڵاتێکی لەو جۆرە دەکەیت؟"
وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا وتیشی "بە هۆی گوشارەکانەوە، ڕێژیمی ئێران گەیشتووەتە ئاستێک کە ناتوانێ پارەی سەربازانی خۆی بدات و ناتوانن کۆگای چەکەکانیان لە دەرەوەی وڵاتەوە پڕ بکەنەوە. بۆیە پێموایە لە قۆناغی کۆتاییدان و گەمارۆکانی سەرۆک ترامپ سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدەستهێناوە."
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا پێشتر ڕایگەیاندبوو ڕێژیمی ئێران لەبری کەڵک وەرگرتن لە داهاتی نەوت بۆ باشترکردنی دۆخی ئابووری خەڵک، ئەو سەرچاوانەی بۆ پەرەپێدانی چەک و پاڵپشتیکردنی گرووپە بە وەکالەتەکانی و پارەدارکردنی ملیشیاکان خەرج دەکات.
واشنتن هەروەها هۆشداری داوە لەوەی بانک و دامەزراوە داراییە بیانییەکان، لەوانە ئەوانەی پەیوەندییان بە پاڵاوگە سەربەخۆکانی چینەوە هەیە، ئەگەر ئاسانکاری بۆ بازرگانیکردن بە نەوتی ئێران بکەن، ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە.