جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند ئەو بەیانییە لەگەڵ جەرێد کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا قسەی کردووە سەبارەت بە ئێران و هەروەها لەگەڵ بەرپرسانی عەرەبیش پەیوەندییان هەبووە.
ئاماژەی بەوەشکرد پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا ئەم پێشکەوتنە ئەوەندە هەیە کە هێڵی سووری سەرۆک جێبەجێ بکات یان نا؟
بە گوتەی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، هێڵی سووری ترامپ بۆ ئەوەیە ئەمەریکا دڵنیابێت لەوەی کە "میکانیزمی پێویست" لە شوێنی خۆیدا هەیە بۆ دڵنیابوون لەوەی ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت.
ئەم لێدوانەی ڤانس لە کاتێکدایە کە ترامپ کە پێشتر پێشنیاری نوێی ئێرانی بۆ دانوستانەکان بە "قبووڵنەکراو" ناودێر کردبوو، بۆ سەردانێکی دوو ڕۆژە لە بەیجینگ دایە.
چاوەڕێ دەکرێت سەرۆکی ئەمەریکا داوا لە هاوتا چینییەکەی بکات ئێران ڕازی بکات کە ڕێککەوتنی ئاشتی قبوڵ بکات.
سەرۆک ترامپ لە سەروبەندی گەشتەکەیدا ڕایگەیاند پێی وایە یارمەتی چینی پێویست نییە.
ئێران و ئەمەریکا دوای دوو ڕۆژ لە ڕاگەیاندنی ئاگربەستی دوو هەفتەیی، یەکەمین وتووێژی ڕاستەوخۆی خۆیان لە ئیسلام ئاباد ئەنجامدا، بەڵام دانوستانەکان بەبێ ئەوەی بگەنە ئەنجامێک کۆتاییان هات و دۆناڵد ترامپیش ئاگربەستەکەی لەگەڵ ئێران درێژکردەوە بەبێ ئەوەی وادەیەک دیاری بکات و دواتر بە فەرمانی ئەو گەمارۆی دەریایی بۆ سەر ئێران لەلایەن هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکاوە لە ناوچەکە دەستیپێکرد کە تا ئێستاش بەردەوامە.
جەی دی ڤانس: لە گفتوگۆکان لەگەڵ ئێراندا پێشکەوتن بەدیهاتووە، بەڵام پێوەرەکە "هێڵی سوور"ی ترامپ