Accessibility links

ناسا پەردەی لەسەر بەهێزترین تەلەسکۆبی جیهان لا دەدات؛ "ڕۆمەن" پاییزی ئەمساڵ ڕەوانەی گەردوون دەکرێت

ناسا پەردە لەسەر تەلەسکۆپی واڵایی ئاسمانی نانسی گرەیس ڕۆمەن لادەدات و ڕایدەگەیەنێت ئێستا پڕۆژەکە بە تەواوی تاقی کراوەتەوە و ئامادەیە بۆ گواستنەوە بۆ ناوەندی واڵایی ئاسمانی کێنێدی بۆ ئەوەی لە سەرەتای مانگی نۆ هەڵبدرێت بەرەو گەردوون.

جەرید ئیسحاقمان بەڕێوەبەری ناسا دەڵێت تەلەسکۆبە پیش وادەی دیاریکراوی خۆی ئامادە بووە و بە پارەیەکی کەمتر لەوەش بۆمان دانابوو، تەواو کراوە و دەشڵێت تەلەسکۆپەکە دۆزەرەوەیەکی ئەمەریکایی بێوێنە و هاوتەریب دەبێت لەگەڵ تەلەسکۆبەکانی هابڵ و جەیمس وێب و دەبێت بە یەکێک لە گرنگترین دۆزەرەوەکان لە واڵایی ئاسماندا.

تەلەسکۆبەکە بە ناوی نانسی گرەیس ڕۆمەن (1925-2018) کراوە کە یەکەم خانمی ئەمەریکایی بوو ئەرکی بەڕێوەبردنی ئەستێرەناسی لە ناسادا وەرگرت و لە وێبسایتی پەیوەندیداردا، ناسا بە دایکی تەلەسکۆبی هابڵ ناوی بردووە.

ڕۆمەن لە پێکهاتەکانی تاریکی، وزەی تاریک، پێکهاتەی گەردوون و ئەگەری هەبوونی هەر بوونەوەرێکی دیکە لە گەردووندا دەکۆڵێتەوە. توانای ڕۆمەن هەزار جار زیاترە لە توانای تەلەسکۆبی بەناوبانگی هابڵ، ئەوەی هابڵ دەتوانێت لە دوو هەزار ساڵدا ئەنجامی بدات، ڕۆمەن تەنیا لە ماوەی یەک ساڵدا هەمان کار دەکات و ئەمەش دەستکەوتێکی گرنگ دەبێت بۆ مرۆڤایەتی. تەنانەت ئەو وێنانەی لە گەردووندا دەیانگرێت زۆر گەورەتر و وردتر دەبن لەوەی بتوانرێت بە شاشە بەردەستەکان نیشان بدرێن.

لە بۆنەی پەردە لادان لە تەلەسکۆبەکە، یاریدەدەری بەڕێوەبەری ناسا قسەی کرد بۆ ئەوەی لە تواناکانی ڕۆمەن تێبگەین، باسی تواناکانی تەلەسکۆبی هابڵی کرد و گوتی ''هابڵ 172 تێرابایت داتای لە سی ساڵی یەکەمدا کۆ کردەوە بەڵام ڕۆمەن لە هەر ڕۆژێکدا 1.4 تێرابایت داتای زانستی کۆ دەکاتەوە.''

لە بەردەوامیی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا کە کارەکانی ڕۆمەن سەرسوڕهێنەر دەبن. لەم ڕێگەیەوە دەتوانین شوێنە دەگمەنەکانی گەردوون بدۆزینەوە و تەلەسکۆبی زیاتر بۆ ئەو شوێنە نەزانراوانە لە داهاتوودا بنێرین.

ناسا ڕوونی کردووەتەوە کە وێنەکانی ڕۆمەن لە ڕووی وردەکاری و قەبارەوە سەد هێندەی وێنەکانی هابڵ دەبن و بە ئەگەرێکی زۆروە دەتوانێت پێوانەی ڕووناکیی ملیۆنان گالاکسی و تەمەنی ئەستێرەکان بکات. هەروەها ئەم تەلەسکۆبە نوێیە تێگەییشتنێکی باشترمان سەبارەت بە گەلە ئەستێرەی ڕێی کاکێشان پێ دەبەخشێت.

This item is part of
XS
SM
MD
LG