سەرۆکی ئەمەریکا ئاشکرای دەکات کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر لەلایەن بەرپرسانی ڕژێمی ئێرانەوە ئاگادارکرانەوە بەوەی ڕازی بوونە ئەمەریکا ئۆرانیۆمی پیتێنراو لە ژێر خاک دەربهێنێت و بیبات بۆ دەرەوەی سنوری ئێران، "بەڵام دواتر بۆچوونەکەیان گۆڕا."
سەرۆک دۆناڵد ترامپ ڕۆژی دووشەممە لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند، "ئێرانییەکان پێیان گوتم مەبەستیان ئەوەیە تۆز و خۆڵی ناوەکیمان پێ بدەن. گوتیان ئێوە دەبێت بیبەن، چونکە ئێمە تونامان نییە لە ژێر خاک بیهێنینە دەرەوە، تەنها ئێوە و چین دەتوانن ئەمە بکەن...دوو ڕۆژ لەمەوبەر گوتیان ڕێگە بەوە دەدەن ئێمە لەگەڵیان بڕۆین.. دواتر بۆچوونەکەیان گۆڕی...گوتیان وێران بووە، ناتوانین بیهێنینە دەرەوە."
سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند ئاگربەست لەگەڵ ئێران لە ئێستادا "لە لاوازترین" دۆخدایە.
لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەوانییدا سەبارەت بەوەی ئایا لە دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا وەڵامی ئێرانی بۆ پێشنیاری ڕێککەوتن ڕەتکردەوە، هێشتا ئاگربەست ماوە؟ ترامپ گوتی، "بە شێوەیەک لاواز بووە باوەڕ ناکرێت. دەڵێم ئێستا لە لاوازترین دۆخدایە، دوای ئەو پارچە زبڵەی بۆیان ناردین. تەنانەت بە تەواویش نەمخوێندەوە، گوتم کاتی خۆم بە خوێندنەوەی بەفیڕۆ نادەم."
"زۆر بێ ئومێدم لە کوردەکان"
سەبارەت بە پشتگیری لە خۆپیشاندەرانی ئێران و پرسی ناردنی چەک لە ڕێگەی کوردەوە، سەرۆکی ئەمەریکا گوتی، "خەڵکی چاودێری دۆخەکە دەکەن و دەیانەوێت بچنە سەر شەقامەکان، بەڵام هیچ چەکێکیان نییە. پێمان وابوو کوردەکان چەکیان پێ دەدەن، بەڵام کوردەکان بێ ئومێدیان کردین. کوردەکان دەبەن، دەبەن و دەبەن. لە گۆنگرێس ناوبانگێکی زۆر باشیان هەیە. کۆنگرێس دەڵێت، 'ئۆ، ئەوان زۆر بە توندی شەڕ دەکەن.' نەخێر، ئەو کاتەی پارەیان پێ دەدرێت شەڕ دەکەن. زۆر بێ ئومێدبووم لە کوردەکان."
ترامپ گوتیشی، ئەو کاتەی چەکەکان بەڕی کران، "گوتم ئەمە کارناکات. دەبێت ئەوە بڵێم هاوڕا نەبووم لەگەڵ ئەوەی کرا، گوتم چەکەکان هەرگیز ناگەنە ئەوێ. پێشبینییەکەی من ڕاست بوو. حەزدەکەم پێشبینییەکانم ڕاست بن. لەو حاڵەتەدا ئەمە زۆر خراپ بوو. هەندێک چەکمان بەڕی کرد لەگەڵ تەقەمەنی؛ دەبوایە بگەیێنرێن بۆ شوێنی خۆیان، بەڵام ئەوان [کوردەکان] بۆ خۆیان گێڕانەوە."
سەرۆک ترامپ جارێکی تر جەختی کردەوە لەوەی وەڵامەکەی ئێران بۆ پێشنیاری ئەمەریکا بە ڕێککەوتن قبوڵکراو نییە و گوتی لە بەرامبەردا پێشنیاری ڕژێم "گێلانە بوو."
گوتیشی، "سەبارەت بەمە پلانێکم هەیە زۆر سادەیە، ئەویش بریتییە لەوەی ئێران نابێت چەکی ناوەکی هەبێت." سەرۆکی ئەمەریکا وردەکاری زیاتری لەسەر قۆناغەکانی داهاتوو ئاشکرا نەکرد، بەڵام ڕایگەیاند ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ فەرماندەکانی وەزارەتی جەنگ هەیە.
ڕژێم ناتوانێت ببێتە خاوەن چەکی ناوەکی"
سەرۆک ترامپ ئەوەی دووپات کردەوە کە ڕژێمی ئێران "زۆر ترسناکە،" هەر بۆ جیهان نا بەڵکو بۆ خەڵکی خۆشی، بەو پێیەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی 42 هەزار خۆپیشاندەری بێ چەکی کوشتووە.
سەرۆکی ئەمەریکا گوتیشی، "ئێستا چەکی زۆر باشترمان هەیە لە دوو مانگ لەمەوبەر کە ئۆپەراسیۆنەکانمان دەستپێکرد."
ڕایگەیاند ئەو مامەڵەکردنە لەگەڵ ڕژێم "خزمەتێکە بۆ جیهان." گوتیشی، بەرپرسانی ئێران بەهەڵەداچوون، چونکە، "وادەزانن من ماندوو دەبم، پاڵەپەستۆم لەسەرە، بەڵام ماندوو نابم و پەلەم نییە."
ڕاشیگەیاند ئێران هیچ هێزێکی ئاسمانی و دەریایی نەماوە، هێزی بەرگری ئاسمانی و ڕاداریان نەماوە، و سەرکردایەتییەکەینا لەناوچووە. جەختی کردەوە لەوەی لە ئێران خەڵکی میانڕەو هەن کە زۆر مەبەستیانە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا بکەن، بەڵام "خەڵکانی شێتیشیان هەن" کە نابێت دەستیا بگات بە چەکی ناوەکی.
سەرۆکی ئەمەریکا گوتی بەرپرسانی ئێستای ئێران زۆر بۆچوونەکانیان دەگۆڕن، "ئەمڕۆ لەسەر شتێک ڕێکدەکەوین، بەڵام کە دێتە سەر نوسینی ڕێککەوتنەکان، داوای کات دەکەن، بۆ نوسینێک کە 20 خولەکی دەوێت، پێنج ڕۆژیان پێدەچێت و ڕایان دەگۆڕن. بەڵام هەرگیز چەکی ناوەکییان نابێت."