وەزارەتی وزەی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت لە هاوینی ئەمساڵدا میوانداری 1118 خوێندکار و 92 مامۆستا لە زانکۆکانی ئەمەریکا دەکات بە مەبەستی کارکردن لە تاقیکگەکانی ئەو وەزارەتەدا.
ئەم دەرفەتە لە پێناو بەردەوامیدانە بە هەوڵەکان بۆ ئەوەی هاوکاریی نێوان زانکۆکان و حکوومەتی ئەمەریکا لە بەرزترین ئاستی خۆیدا بمێنێتەوە.
داریۆ گیڵ یاریدەدەری وەزیری وزە بۆ کاروباری زانستی گوتی ''کاتێک خوێندکار لە تاقیگەدا کار دەکات، تێگەیشتنی باشتری بۆ کاری دوای زانکۆ دەبێت. ئێمە دڵخۆش و کامەرانین کە هانی توێژەرانی نەوی نوێ بدەین بۆ مانەوەیان لەسەر ڕێچکە دروستەکە و بە پەرۆشییەوە دەڕوانینە هاوکارییەکانیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاڵەنگارییانەی کە لە ئەمەریکادا ڕووبەڕوومان دەبنەوە''.
خوێندکاران لە 346 ناوەندیی ئەکادیمی ئەمەریکاییەوە بەشداری لەم دەرفەتە کەم وێنەیەدا دەکەن.
کارکردن لە شوێنێکی ئێجگار گرنگی وەکوو وەزارەتی وزەی ئەمەریکا هەلێکی ناوازە بۆ خوێندکار و مامۆستایانی بەشداربوو دەڕەخسێنێت و لەم ڕێگەیەوە دەتوانن ئاگاداری شێوازی کارکردنی حکوومەتی ئەمەریکا بن. هەروەها لەوێدا دەتوانن تێڕوانینی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بەرەوپێشبردنی بوارەکانیان بخەنە ڕوو.
ئەم پڕۆگرامە لە لایەن دەستەی گەشەپێدانی هێزی کار بۆ مامۆستایان و زانایانی هەمان وەزارەتەوە بەڕێوە دەبردرێت و ئامانج لێی دابینکردنی پاڵپشتی و هاوکارییە بۆ کەسانی ئاستبەرز لە تەواوی وڵاتەکەدا.
وەزارەتی وزەی ئەمەریکا لە هاوینی ئەمساڵدا میوانداری زیاتر لە هەزار خوێندکار و مامۆستای زانکۆ دەکات