بەریتانیا و فەرەنسا بڕیارە ڕۆژی سێشەممە بە هاوبەشی میوانداری کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتی بکەن بە بەشداری وەزیرانی بەرگری زیاتر لە 40 وڵات بە مەبەستی ئاساییکردنەوەی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز.
حکومەتی بەریتانیا ئەم کۆبوونەوەیەی ڕاگەیاندووە، لە کاتێکدا ئێران هۆشداری داوە بە بەریتانیا و فەرەنسا بەوەی کەشتی جەنگی بۆ تەنگەی هورمز نەنێرن.
جۆن هێڵی وەزیری بەرگری بەریتانیا لەم بارەوە گوتی، "ئێمە ڕێککەوتنی دیپلۆماسی دەگۆڕین بۆ پلانی سەربازی پراکتیکی بە مەبەستی گەڕاندنەوەی متمانە بۆ کەشتیوانی لە گەرووی هورمز."
مانگی ڕابردووش کۆبوونەوەیەکی هاوشێوە لە لەندەن ئەنجام درا بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی قەیرانی وزە بە هۆی بەردەوامی ئاڵۆزییەکانی پەیوەست بە ئێرانەوە.
سەرەڕای هۆشدارییەکانی ئێران، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەریەک لە فەرەنسا و بەریتانیا بە جیا کەشتی جەنگییان بەرەوە ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێ کردووە.
چوارشەممەی ڕابردوو فەرەنسا کەشتییەکی جەنگی بەرەو دەریای سور نارد کە بە هێزی ئەتۆمی کار دەکات. ڕۆژی شەممەش بەریتانیا ڕایگەیاند بەهێزترین کەشتی 'وێرانکەری' بۆ ئەو ناوچانە دەنێرێت.
وەزیری بەرگری بەریتیانیا دەڵێت ناردنی ئەو کەشتییە بۆ گێڕانەوەی ئاسایشی دەریاوانییە لە تەنگەی هورمز و بەکارهێنانی بۆ ئەو مەبەستە "ئەو ساتەی پێویست بێت."
جۆن هێڵی ڕاشیگەیاندووە، حکومەتی بەریتانیا "دەستەوسان نابێت کاتێک ناسەقامگیری دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووەکان بۆ خێزان و بازرگانییە بەریتانیاییەکان."
دوێنێ یەکشەممە جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران کازم غەریبابادی هۆشداری دا بە بەریتانیا و فەرەنسا بەوەی کەشتییەکانیان ڕووبەڕووی "وەڵامی یەکلاکەرەوە و خێرا" دەبنەوە لەلایەن سوپای ئەو وڵاتەوە.