Accessibility links

ئێران گەنجێکی دیکە بە تۆمەتی سیخوڕی لەسێدارە دەدات

ئاژانسی هەواڵی میزان کە سەر بە دەزگای دادوەری ئێرانە، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند عیرفان شەکورزادە، زیندانی سیاسی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ هەواڵگری ئەمەریکا و مۆساد" لەسێدارە داوە.

میزان بەبێ ئەوەی باس لە پیشەی تۆمەتبار بکات، نووسیویەتی شەکورزادە بە لەبەرچاوگرتنی شارەزاییەکەی وەک بەشێک لە "پڕۆژەیەک" لە ڕێکخراوێکی زانستی وڵاتدا دامەزرابوو کە لە بواری مانگە دەستکردەکاندا کاردەکات.

بەگوێرەی بانگەشەکانی میزان، شەکورزادە بە ئاگاداری و ئارەزووی خۆی پەیوەندی بە مۆساد و سی ئای ئەیەوە کردووە بۆ فرۆشتنی زانیارییە زانستییەکانی وڵاتەکە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاویکردووەتەوە عیرفان شەکورزادە تەمەن 29 ساڵ، خوێندکاری ماستەر بووە لە ئەندازیاری فڕۆکەوانی لە زانکۆی زانست و تەکنەلۆجیای ئێران.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوبراو لە ساڵی 2025 لە لایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە بە تۆمەتی سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دوژمن دەستبەسەر کراوە و نزیکەی 9 مانگ لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیراوە و لەوێ لە ژێر فشاردا ناچار کراوە بە دانپێدانانی زۆرەملێ.

ئێران لە چەند مانگی ڕابردوودا دەستی داوەتە شەپۆلێکی نوێی لەسێدارەدان و گرتن و سزای قورس بەسەر نەیاران و ناڕازییان؛ شەپۆلێک کە بە گوێرەی دامودەزگا و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە کاتی شەڕ و قەیرانی ئەمنی و ناڕەزایەتیدا وەک ئامرازێک بۆ دروستکردنی ترس و کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا بەکاری دەهێنێت.

This item is part of
XS
SM
MD
LG