عەرەبستانی سعودیە و کوەیت پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ هەنگاوەکانی دەوڵەتی بەحرەین دەربڕی لە بەرامبەر بە دەستگیرکردنی تۆڕێکی پەیوەست بە سوپای پاسداران.
وەزارەتی کاروباری دەرەوەی عەرەبستانی سعودیە ڕۆژی شەممە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد بە تەواوی پشتگیری لە هەنگاوە ئاسایشییەکانی حکومەتی بەحرەین دەکات بۆ دەستبەسەرکردنی گرووپێک کە پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانەوە هەبووە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی سعودیە ستایشی کارایی دەزگا ئاسایشیەکانی بەحرەینیشی کردووە کە توانیویانە چالاکییە دژە ئاسایشییەکانی ئەو تۆڕە بە خێرایی ئاشکرابکەن و پەچەڵیان بکەنەوە.
هەر ڕۆژی شەممە، وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کوەیتیش لە ڕاگەیەنراوێکدا پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ شانشینی بەحرەین ڕاگەیاند و پشتگیری لەو هەنگاوانەی بەحرەین کرد کە بۆ ئاشکراکردنی گرووپەکە نراون.
وەزارەتەکە ستایشی لێهاتوویی و وریایی دەزگا ئاسایشییەکانی بەحرەینی کردووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی پیلانەکانی دژ بە ئاسایشی وڵاتەکە، و دووبارە جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە کوەیت پشتیوانی لە هەموو هەنگاوەکانی بەحرەین دەکات بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروەریی وڵاتەکە.
وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین بەیانی ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە 41 ئەندامی تۆڕێک دەستبەسەر کراون کە پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانەوە هەبووە.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدا ڕوویداوە کە نیگەرانییەکانە سەبارەت بە چالاکی و دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاروبارە ناوخۆییەکانی وڵاتانی کەنداو زیادی کردووە.