Accessibility links

ترامپ دەڵێت لەگەڵ سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا هاوڕا بوون کە نابێت ئێران چەکی ناوەکی هەبێت

دیمەنی کۆبوونەوەیەکی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا لە سکۆتلەند ڕۆژی 27ی حەوتی 2025.
دیمەنی کۆبوونەوەیەکی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا لە سکۆتلەند ڕۆژی 27ی حەوتی 2025.

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت لەگەڵ سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا باسی پرسی ئێرانیان کردووە و هەردوو لا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی نابێت ڕژێم ببێت بە خاوەن چەکی ناوەکی.

سەرۆک دۆناڵد ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس ڕایگەیاند پەیوەندییەکی لەگەڵ ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، ئەنجام داوە و تێیدا باسی پرسی ئێران و بازرگانی نێوان ئەمەریکا و ئەوروپایان کردووە.

سەرۆک ترامپ گوتی، "زۆر بابەتمان تاوتوێ کرد، لەوانە ئەوەی کە ئێمە بە تەواوی هاوڕاین کە ئێران هەرگیز ناتوانێت چەکی ناوەکی هەبێت. ئێمە لەسەر ئەوە کۆک بووین کە دەسەڵاتێک خەڵکی خۆی بکوژێت، ناتوانێت کۆنترۆڵی بۆمبێک بکات کە بتوانێت ملیۆنان کەس بکوژێت."

سەبارەت بە پرسی بازرگانی نێوان ئەمەریکا و ئەوروپا، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "من بە پشوودرێژییەوە چاوەڕێی یەکێتی ئەوروپا بوومە بۆ ئەوەی بەشی خۆیان لە گرێبەستی بازرگانی مێژوویی جیبەجێ بکەن کە لە شاری تێرنبێری لە سکۆتلەندا ڕێککەوتنمان لەسەری کرد."

ترامپ جارێکی تر جەختی کردەوە ئەگەر لایەنی ئەوروپایی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکات، ئەمەریکا هەموو باجە گومرگییەکان لەسەر بەرهەمەکانی ئەو یەکێتییە لادەبات.

سەرۆکی ئەمەریکا دەشڵیت بڕیاری داوە هەتا ساڵیادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمەریکا لە بەرواری 4ی حەوت دەرفەت بدات بە ئەوروپا ئەگەر نا "بەداخەوە یەکسەر باجەکانی سەریان بۆ ئاستێکی زۆر بەرزتر زیاد دەکات."

This item is part of
XS
SM
MD
LG