Accessibility links

شرۆڤەکاران: سزا نوێیەکانی ئەمەریکا پەیامێکی ڕوونە لە واشنتنەوە بۆ سەرۆک وەزیرانی بە وەکالەتی عێراق

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە چوارچێوەی ئەو پەڕی فشارەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند سزای بەسەر ژمارەیەک بەرپرس و فەرماندەی میلیشیاکانی عێراق و کۆمپانیاکانی چالاک لە کەرتی نەوتی عێراقدا سەپاندووە.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە لە ماڵپەڕی خۆیدا ڕایگەیاند وەزارەتەکە سزای بەسەر عەلی مەعارج بەهادلی، بریکاری وەزیری نەوتی عێراق و سێ سەرکردەی گروپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی ئێراندا سەپاندووە، لەنێویاندا ئەندامانی عەسائیب ئەهلی حەق و کەتایب سەیدوئەلشوهەدا بە تۆمەتی پشتیوانی لە چالاکییەکانی میلیشیاکان و هاوکاری لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران.

سزاکانی ئەمەریکا لە کاتێکدایە کە واشنتن پێشوازی لە دانانی عەلی زەیدی وەک سەرۆک وەزیرانی بە وەکالەت کردووە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.

دکتور نزار حەیدەر، شرۆڤەکاری سیاسی و بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی عێراق لە واشنتن سەبارەت بە سزا نوێیەکانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا بۆ سەر بریکاری وەزیری نەوتی عێراق و فەرماندەکانی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراق ڕایگەیاند "ڕاگەیاندنی سزا نوێیەکان لە ڕۆژی پێنجشەممەدا پەیامێکی ڕوونە لەلایەن واشنتنەوە بۆ عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی بە وەکالەت کە نابێت هیچ وەزیرێک لە حکومەتی ئێستای عێراق بخرێتە ناو کابینە نوێیەکەیەوە".

دکتور نزار حەیدەر هەروەها دەڵێت "ئەمە پەیامی ئەمەریکایە کە ئەو عێراقیانەی پاڵپشتی ئێرانیان کردووە و سزا ئابوورییەکانی ئەمەریکایان لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران پێشێل کردووە، بێ سزا نابن".

ئەو وەک نموونە ئاماژە بە عیسا کازم شوێلی لە کەتائیبی حزبوڵا و هەروەها بەهادلی بریکاری وەزیری نەوتی عێراق دەکات و دەڵێت هەردوو نزیک بوون لە ئێران و ڕۆڵیان هەیە لە بەقاچاخبردنی نەوتی ئێران و پێشێلکردنی سزاکانی ئەمەریکا.

نزار حەیدەر دەڵێت، "ئەمە پەیامی واشنتنە بۆ عێراق کە ئەو کەسانەی ناویان لە سزاکاندایە، نابێت هیچ ڕۆڵێکیان لە حکومەتی نوێی عێراقدا هەبێت".

دەشلێت "پێویستە ئەو بەرپرسە نوێیەی حکوومەت ئەم پەیامانەی ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە جددی وەربگرێت کە هیچ کەسێکی سەر بە ئێران یان سەر بە گروپە چەکدارەکانی عێراق نابێت ڕۆڵی هەبێت لە حکومەتی نوێدا."

شرۆڤەکاری ناسراوی دیکە، دوکتور ئەحمەد شەریفی دەڵێت "بە بۆچوونی من ئەمەریکا سەرکەوتوو بووە لە بەکارهێنانی کارتی ئابووری لە دژی ئێران و گروپە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا، ئەمەش ئێرانی ناچار کردووە بە دانوستانەکان ڕازی بێت".

شەریفی ئاماژەی بەوەشکرد "ئێران بە مەرجەکانی ئەمەریکا ڕازی بووە و دۆخەکە بەرەو چارەسەرکردن دەبات و سزاکانیش دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی نەوت."

شەریفی ڕوونی کردەوە کە کاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر ئابووری ئێران کاریگەریشی دەبێت لەسەر ئەو وڵات و گروپانە کە پشتیوانیان دەکات.

دەنگی ئەمەریکا بۆ لێپرسینەوە لە هەڵوێستی بەرپرسانی عێراق پەیوەندی بە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە کرد، بەڵام نە وتەبێژی وەزارەت و نە بەرپرسانی دیکە ئامادە نەبوون وەڵامی پرسیارەکانی دەنگی ئەمەریکا بدەنەوە سەبارەت بە ڕاگەیاندنی سزای نوێ بەسەر بەشێک لە بەرپرسان و فەرماندەی گروپە چەکدارەکان.

This item is part of
XS
SM
MD
LG