سەرۆکی ئەمەریکا پاش چەند کاتژمێرێک لە ڕاگەیاندنی "پرۆژەی ئازادیی" بۆ دەربازکردنی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز، لە پەیامێکی تایبەتدا ڕایگەیاند لەسەر داوای پاکستان ئۆپراسیۆنەکەی ڕاگرتووە.
هاوکات سەرۆک ترامپ باس لە ئەگەری ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران دەکات و هۆشداریش بە ئێران دەدات ئەگەر بێت و رێکەوتنێک قبوڵ نەکەن، ئەوا بوردومانێکی بەهێزتر لەوەی پێشوو چاوەڕوانیان دەکات
.
دکتور غازی فەیسەڵ، بەڕێوەبەری ناوەندی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان، سەبارەت بەم بابەتە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "دیارە لەوە ئەچێت ڕێککەوتن نزیک بووەتەوە و چارەسەرییەک بۆ بەرنامەی ناوەکی ئێران دۆزراوەتەوە. ئەمە گەورەترین کۆسپە لە دانوستاندنەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێراندا. هەروەها، من وا دەبینم چینیش ڕۆڵێکی هەیە لەم پرسەدا. وەزیری دەرەوەی ئێران، عەراقچی، سەردانێک بۆ چین دەکات و هەروەها سەرۆک ترامپیش بڕیارە سەردانی ئەو وڵاتە بکات."
فەیسەڵ وتی "ئەمە واتە چینیش ڕۆڵی نێوندگیر دەبینێت."
ئەو لێکۆڵەرە عێراقیە وتی دانوستانەکانی ئێستا دەتوانێت مانگێکی تر درێژ ببێتەوە "بەپێی مەرجەکانی ئەمەریکا"، و ئاماژە بەو وتەی سەرۆک ترامپ دەکات کە سێشەممە وتبووی "پێویستە ئێران ئاڵای سپی هەڵبکات و خۆی بەدەستەوە بدات."
غازی وتی ئەو گەشبینە بەوەی ئێران ناتوانێت زیاتر خۆی لەبەرامبەر سیاسەتی سەرۆک ترامپ ڕابگرێت و دەڵێت "گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە سیاسەتی ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتیی ئێراندا ڕوودەدات. ئێران ناچار دەبێت بە مەرجەکانی ئەمەریکا رازی بێت و ئاشتی لە هەرێمەکەدا بگاتە ئاکام، و ڕێژیمی ئێران دەست لە حیزبوڵا، حوسییەکان و گرووپە چەکدارەکانی تر لە هەرێمەکە هەڵبگرێت."
ئیبراهیم حاجانی، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی کاروباری سیاسی و سەربازی، بە دەنگی ئەمریکای وت "من وا دەبینم ئەمەریکا بەرنامەی خۆی دژ بە ئێران جێبەجێ کردووە و زۆربەی خاڵە گرنگەکانی خستووەتە ژێر کۆنترۆڵ، وەک بەرنامەی ناوەکی ئێران، بەرنامەی مووشەکی بالستیکی و درۆنەکان، و هەڕەشەی لەسەر وڵاتانی دراوسێ، بە تایبەتی مەترسی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و هەندێک وڵاتی کەنداو وەک پێشوو نەماوە."
حاجانی هەروەها وتیشی "هەندێک خاڵی بنەڕەتی سیاسەتی ناڕاگەیەندراو هەن، بە تایبەت لە پرسی ئابووریدا. ئەمەریکا نایەوێت نەوتی ئێران بۆ چین هەناردە بکرێت."
حاجانی دەڵێت "ئەمەریکا بەو حوکمەی هێزە گەورەکەی جیهانە، بە ڕێگای شەڕی دژ بە ئێران باڵی ئابووریی چینیش دەشکێنێت، بە تایبەت ناهێڵێت پرۆژەی ‘ڕێگای ئاوریشم’ سەر بکەوێت. نەوتی ڤەنزوێلا لەسەر چین راگیرا، نەوتی کەنداو و عێراق و ئێستاش ئێران راگیران، و بەم شێوەیە ئەمەریکا سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت."
حاجانی لەگەڵ د. غازیی هاوڕایە کە ئێران ناچار دەبێت مەرجەکانی ئەمەریکا قبووڵ بکات و گەرووی هورمزیش بە بڕیارێکی ئەمەریکا و نێودەوڵەتی ئازاد بکرێت.
ئەو وتی "ئەمەریکا هەموو شەڕە جیهانییەکانی بردووەتەوە. لە شەڕی دژ بە نازیییەکان سەرکەوت، لە شەڕی دژ بە کۆمۆنیزمیش سەرکەوت، لە شەڕی دژ بە ڕێژیمە دیکتاتۆرەکانی ئەم هەرێمانەدا سەرکەوت و تا ڕادەیەکیش لە شەڕی دژ بە ئیسلامی سیاسی سەرکەوتووە. ئێستا تەنها چین ماوە و لە چوارچێوەی شەڕی دژ بە ڕێژیمی ئێراندا هەنگاو بۆ ئەوێش نراوە."
حەمید مەجید تاتکی، پسپۆڕی دۆسیەی بەرنامەی ناوەکی ئێران، بە دەنگی ئەمریکای وت "ئامانجی پرۆژەی ئازادی، ڕێگرتنە لە چەتەگەریی دەریایی ئێران، چونکە ئەو وڵاتە دەیەوێت ئابووریی جیهان وەک بارمتە لە دەستی خۆیدا بگرێت."
تاتکی وتیشی "بۆیە ئێستا سەرۆک ترامپ هەنگاوی نێودەوڵەتی دەهاوێت و لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیش هەوڵ هەیە ئێران ناچار بە دانوستاندن بکرێت یانیش ئیمکانی بەکارهێنانی هێز هەبێت، ئەمجارە بە بڕیارێکی نێودەوڵەتی."
شرۆڤەکاران دەڵێن لە هەر کاتێکیتر زیاتر لەجاران ئێران ناچار دەبێت بە مەرجەکانی ئەمەریکا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕازی بێت و ڕێککەوتنێک واژۆ بکات و دەلێن ئەگەر ئەمجارەش شەڕێک ڕووبدات، پێدەچێت کۆمەڵگای نێودەوڵەتی رۆڵێ تێدا بگێڕێت. ئەوان دەڵێن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕێگا نادات ئێران چیدیکە ئاسایش و ئابووری هەرێم و جیهان بە بارمتە بگرێت.