Accessibility links

وەزیری گەنجینە: سەرچاوە داراییەکانی ئێران لە نەمان دان و سەربازەکانیان زۆر بەرگەی بێ مووچەیی ناگرن

وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا جەخت دەکاتەوە لە بەردەوامی گەمارۆی سەر ئێران لە تەنگەی هورمز و دەڵێت بە هۆی فشارەکانی ئەمەریکاوە ڕژێم سەرچاوەی دارایی لە وشکبووندایە و توانای دابینکردنی مووچەی سەربازەکانی لەدەست دەدات.

وەزیری گەنجینە سکۆت بێسێنت ڕۆژی دووشەممە لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی فۆکس نوزدا ڕایگەیاند، "هەموو کەس دەڵێت ئێرانییەکان توانایەکی زۆریان بۆ بەرگەگرتنی ئازار هەیە، بەڵام سەربازەکانیان زۆر بەرگەی نەبوونی مووچە ناگرن."

سکۆت بێسێنت جەختی کردەوە لە بەردەوامی گەمارۆکانی ئەمەریکا لەسەر جوڵەی ئەو کەشتییانەی پەیوەستن بە ئێرانەوە لە گەرووی هورمز. جەختی کردەوە لە داڕمانی ئابووری و سەربازیی ئەو وڵاتە و هێزی دەریایی ڕژێمی بە "مێشولە" ناوبرد.

هەروەها ڕایگەیاند 'پرۆژەی ئازادی' ئەمەریکا بەردەوام دەبێت بۆ دەربازکردنی زیاتر لە 300 کەشتی بازرگانی کە پەیوەندییان بە شەڕەکەوە نییە بەڵام لە ئاوەکانی هورمزدا گیریان خواردووە.

سەرۆکی ئەمەریکا دوێنێ یەکشەممە 'پرۆژەی ئازادی' ڕاگەیاند بە مەبەستی هاوکاری پەڕینەوەی ئەو کەشتیە بازرگانیانەی لە گەرووی هورمزدا گیریان خواردووە.

سەرۆک دۆناڵد ترامپ ئاماژەی دا پرۆژەکە بەرەبەیانی دووشەممە بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەوێتە کار و ڕایگەیاند هەر ڕێگرییەکی ئێران بۆ پرۆژەکە "بەداخەوە بە هێزەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت."

وەزیری گەنجینە ڕایگەیاند ئەم پرۆژەیەی ئەمەریکا هاوکاری ئەو وڵاتانە دەکات کە ئاستی ئابووریان لاوازە و بەهۆی گەمارۆکانەوە زیانیان بەرکەوتووە. هەروەها هانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دا، بەتایبەت چین، بێنە ناو پرۆژەکەی ئەمەریکا بۆ دابینکردنی ئاسایشی کەشتیوانی دژ بە هەڕەشەکانی ئێران.

سکۆت بێسێنت گوتی، "هانی چینییەکان دەدەم بەشداری هەوڵەکەی ئێمە بکەن بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز. ئەگەر هاوڵاتی باشی جیهانن، با بەشدرای هەوڵەکەی ئێمە بکەن."

وەزیری گەنجینە هەڕەشەی لە ڕژێمی ئێران کرد و ڕایگەیاند، "ئێمە دەستپێشخەری ناکەین، بەڵام وەڵامی هەر دوژمنکارییەکی ئێران دەدەینەوە. ئەگەر ئێران مەبەستی بێت بارودۆخەکە بباتە دۆخی هەڵچوونەوە، ئێمە ئامادەین."

This item is part of
XS
SM
MD
LG