Accessibility links

سێنتکۆم هەواڵی هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر کەشتییە جەنگییەکانی ئەمەریکا ڕەتدەکاتەوە

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە هەژماری خۆی لە ئێکس ڕاپۆرتە میدیاییەکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە هێرشی مووشەکی سوپای پاسداران بۆ سەر کەشتییەکی جەنگی ئەمەریکا لە تەنگەی هورمز ڕەتکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆمدا هاتووە هیچ کەشتییەکی هێزی دەریایی ئەمەریکا نەکراوەتە ئامانج و هێزەکانی ئەمەریکا پشتگیری لە "پرۆژەی ئازادی" دەکەن و بەردەوامن لە جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی بەندەرەکانی ئێران.

هەروەها تۆزێک پێش ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆمیش، باراک ڕاڤید پەیامنێری ئەکسیۆس لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند بەرپرسێکی ئەمەریکایی جەختی لەوە کردووەتەوە کە هیچ کەشتییەکی ئەمەریکا بە هێرشی مووشەکی ئێران نەکراوەتە ئامانج.

ئەم هەواڵانە دوای ئەوە دێت کە لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا هەندێک لە سەرچاوە هەواڵییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران باسیان لە هێرشێکی لەو شێوەیە کردبوو.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، سەر بە سوپای پاسداران ڕۆژی دووشەممە بڵاوکردەوە کە هێزی دەریایی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی کەشتییەکی جەنگی ئەمەریکا بۆ ناوچەی تەنگەی هورمز کردووە.

هەروەها ئاژانسی هەواڵی فارس بە پشتبەستن بە سەرچاوە هەواڵییە ناوخۆییەکان لە باشووری ئێرانەوە، بڵاویکردبووە دوو مووشەکی ئێران بەر کەشتییەکی جەنگی ئەمەریکا کەوتووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کەشتییەکەی ئەمەریکا کە ڕۆژی دووشەممە لە نزیک بەندەری جاسک بەمەبەستی تێپەڕین بە تەنگەی هورمزدا بەڕێکەوتبوو، "دوای پشتگوێخستنی" هۆشداریی هێزی دەریایی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هێرشێکی مووشەکی کراوەتە ئامانج.

فارس نووسیویەتی کەشتییەکە دوای ئەم لێدانانە گەڕاوەتەوە دواوە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو بەنیازە لە ڕۆژی دووشەممەوە پلانێک کە بە پڕۆژەی ئازادی ناسراوە، بۆ گواستنەوەی کەشتی و تیمەکانی وڵاتانی بێ لایەن لە شەڕی ئێران و ئەمەریکا لە تەنگەی هورمز جێبەجێ بکات.

فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو 15هەزار سەربازی ئەمەریکایی بەشداری لەو پڕۆژەیەدا دەکەن.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە، سوپای پاسداران هۆشداریدا لەوەی هەر کەشتییەک لە کەنداوی فارس نزیک بێتەوە، دەیکەنە ئامانج.

This item is part of
XS
SM
MD
LG