Accessibility links

دۆخی رۆژنامەگەری ئازاد لە ڕۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەریدا

ئەمساڵ جیهان لە کاتێکدا سێی پێنج، رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەری، بەرز دەنرخێنێت کە دۆخی ئازادی رۆژنامەگەری بە شێوەیەکی بەرچاو لە ئاستی جیهانیدا دابەزیوە و رۆژنامەوانن لە سەرانسەری جیهاندا رووبەڕووی ئاڵنگاری ڕژد دەبنەوە.

ڕێکخراوی رۆژنامەوانانی بێ سنوور دەڵێت بۆ یەکەمجار لە مێژووی ڕێکخراوەکەیدا زیاتر لە نیوەی وڵاتانی جیهان بۆ دۆخی رۆژنامەگەری دەکەونە ناو خانەی «دژوار» یان «زۆر خراپ». دەشڵێت تێکڕای پلەی ئازادی ڕاگەیاندن لە 25 ساڵی ڕابردوودا هەرگیز تا ئەم ئاستە نزم نەبووە " ئەمە تەنها کەمبوونەوەیەکی سادە نییە، بڵکو ئاماژەیەکە بۆ قەیرانێکی سیستەمی لە جیهانی ڕۆژنامەوانیدا."

لە سەرانسەری جیهان، گوشاری دەسەڵات بۆسەر میدیا زیاد دەبێت. حکومەتەکان بە شێوەیەکی زیادتر یاساکانی "ئاسایشی نەتەوەیی"، سانسۆر، و هەڕەشەی یاسایی بەکاردێنن بۆ کۆنترۆڵکردنی گواستنەوەی ئازادی زانیاری. لە هەمان کاتدا، لاوازیی دارایی کەرتی میدیا و گوشاری ماڵی سەر میدیاکاران، وایکردووە ڕاگەیاندن زیاتر بکەوێتە ژێر کاریگەری سیاسی و بازرگانی.

سنوورداربوونی ئازادی راگەیاندن، لەم ساڵانەدا، رەوتێکە کە تەنانەت لە وڵاتانی دیموکراتیشدا بەدی دەکرێت. لە وڵاتانی دیموکراتیک، بەتایبەت، بەدووجەمسەربوونی سیاسەت و کەمبوونەوەی متمانە بە میدیا، سیستەمی پاراستنی ڕۆژنامەوانی لاواز کردووە.

بەپێی ڕیزبەندی رۆژنامەوانانی بێ سنوور، وڵاتانی وەک نۆرێژ، ئەستۆنیا و هۆڵەندا لە بواری ئازادی رۆژنامەگەریدا لە پێشەوەی جیهاندان. ئەو تایبەتمەندیانەی کە بۆتە هۆی پاراستنی ئازادیەکان لە بواری میدیا و رۆژنامەوانی لەم وڵاتانە بریتین لە یەکەم؛ پێکهاتەیێکی بەهێزی یاسا بۆ پاڵپشتی لە ئازادی رادەبڕین و پاراستنی رۆژنامەوانان، دوووەم هەبوونی میدیای سەربەخۆ لە دەسەڵات، و سێهەم، کەمترین ڕێژەی دەستێوەردانی سیاسی.

لە بەرامبەردا، وڵاتانی وەک ئێران، چین، کۆریای باکوور و ئێریتریا میدیایان بە تەواوی کۆنترۆڵ کردووە و زۆرجار ئەو ئەرکانەی کە ڕۆژنامەوانان لەبەر پیشەکەیان جێبەجێینا دەکەن بە تاوان دەژمێرن.

ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ئازادی رۆژنامەوانی لەوێدا لە ژێر هەڕەشەی بەردەوامە. بە گوێرەی دامەزراوەی رۆژنامەوانانی بێ سنوور، ئازادی ڕاگەیاندن لەو وڵاتە بە شێوەیەکی سیستەمی سنووردار کراوە. ئێران بەردەوام لە ناو خراپترین وڵاتانی جیهان بۆ دۆخی ئازادی رۆژنامەوانی و ئازادی رۆژنامەوانان جێی دەبێتەوە.

ڕۆژنامەوانان لە ئێراندا و بە هۆی کاری رۆژنامەوانی خۆیان، ڕووبەڕووی گرتن و دەستبەسەرکردنی نایاسایی، حوکمی زیندانی درێژخایەن و سزا توندەکان دەبنەوە.

بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەوانانی بێ سنوور، ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ڕۆژنامەوانان زیندانی دەکەن. بە پێی راپۆرتەکان زۆرجار ئەم سنووردارکارنەوەی ئازادیانە بە ناوی ئاسایشی نەتەوەیی یان پاراستنی دین دەکرێن.

دوای خۆپیشاندانەکان لە ئێراندا، دەیان ڕۆژنامەوان دەستبەسەر کران و زۆر میدیا داخران. هەروەها، کۆنترۆڵی ئینتەرنێت و چاودێری دیجیتاڵ بۆتە هۆی زیاتر سنووردارکرانەوەی ئازادی رۆژنامەگەری لەو وڵاتە.

لە ئاکامی ئەو مەترسیانەی کە رۆژنامەوانن لەو وڵاتە رووبەڕوویان دەبێتەوە، هەندێکجار ئەوترێت کە ڕۆژنامەوانی لە ئێراندا تەنها سنووردار نییە بەڵکوو مەترسیدارە.

لە عێراق، دۆخەکە جیاوازە بەڵام کێشەدارە. لە ڕووکەشدا، عێراق هەزاران ڕۆژنامە و کەناڵی میدیایی هەیە.

بەڵام لە راستیدا لەو ولاتە، ڕۆژنامەوانانی سەربەخۆ ڕووبەڕووی هەڕەشە و توندوتیژی دەبن و گرووپە چەکدارەکان و هێزە سیاسییەکان بە توندی ئازادی رۆژنامەگەری و رۆژنامەوانی سەربەخۆ سنووردار دەکەنەوە. هەروەها لە عێراق پێکهاتەی یاسا بۆ پاراستنی ئازادیە تاکەکەسیەکان و ئازادی رۆژنامەگەری زۆر لاوازە و ئەو یاسایانەش کە هەن، بەهۆی نەبوونی سیستەمی دادوەری سەربەخۆوە، جێبەجێ نابن.

رێکخراوی رۆژنامەوانانی بێ سنوور ئاماژە دەدات کە ڕاگەیاندنی سەربەخۆ لە عێراق بەردەوام لە ژێر هەڕەشەی گەندەڵی و میلیشیاکان دایە.

بە گشتی ئازادی ڕاگەیاندن لە سەر ئاستێکی جیهانیدا رووی لە داکشانە و ئاڵنگاریە سەرەکیەکانی بەردەم ئازادی رۆژنامەوانی، لە جیهاندا، بریتین لە سەرکوتکاری حکومەتەکان، لاوازیی دارایی، توندوتیژی، و کۆنترۆڵی دیجیتاڵ.

وڵاتانی وەک نۆروێژ، بە دابینکردنی پاڵپشتی یاسایی و جێبەجێ کردنی ئەو یاسایەنە بە باشترین شێوە دەرخەری ئەوەن کە پاراستنی ئازادی رۆژنامەوانی ئەگەرچی دژوارە بەڵام دەکرێت. هاوکات وڵاتانی وەک ئێران دەرخەری ئەوەن کە چۆن حکومەتە سەرەڕۆکان بۆ بەردەوام بوونی خۆیان بە شێوەی سیستەماتیک ئازادی رۆژنامەوانی سنووردار دەکەن. عێراق نموونەیێکە بۆ پیشاندانی ئەوەی کە رووکەشی دیموکراتیک، بە بێزاڵ بوونی یاسا، دەتوانێت ببێتە هۆی گوشاری پێکهاتەی بۆ سەر ئەم ئازادیە.

ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕاگەیاندن تەنها ڕووداوێک نییە، بەڵکوو هەڵێکە بۆ بەخشینی هۆشیاری. کاتێک ڕۆژنامەوانان ناتوانن بە ئازادی کار بکەن، بەرپرسکردن لە کۆمەڵگادا لاواز دەبێت و کاتێک بەرپرسکردن لاواز بوو، سیستەمی سیاسی رووی لەهەرشوێنێک بێت، بەرەو خێری گشتی کۆمەڵگا نیە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG