سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ ڕایدەگەیەنێت دوایین پێشنیاری ئێران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن پەسەند ناکات و جەخت دەکاتەوە لەوەی سەرکردایەتی نوێی ڕژێم تۆشی "لێکترازانێکی گەورە" بووە بە شێوەیەک دابەش بووە بۆ چوار دەستەی جیاواز.
سەرۆک ترامپ بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند، "ئێران دەیەوێت ڕێککەوتنێک ئەنجام بدەین چونکە هیچ سوپایەکیان نەماوە، بەڵام من ڕازی نیم بەو پێشنیارەیان."
سەرۆکی ئەمەریکا گوتی، "لە ناو ئێران ناکۆکی زۆر گەورەیان هەیە و کێشەی زۆریان هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ یەکتریدا، سەرکردایەتیەکەیان زۆر لێکترازاوە و دوو و سێ یان چوار گرووپیان هەن و ...لەگەڵ یەکتری هەڵناکەن. سەرەڕای ئەمەش، هەموویان دەیانەوێت ڕێککەوتن ئەنجام بدەن، بەڵام هەموویان شێواون."
گوتیشی، "هەر ئێستا گفتوگۆیەکمان هەبوو لەگەڵ ئێران، با بزانین چی دەبێت. بەڵام با هەر ئەوەندە بڵێین کە من دڵخۆش نیم پێی. سەکردەکانیان لێکترازاون و زۆر دەمەقاڵێ لەگەڵ یەکتری دەکەن؛ یەکێکیان شتێک دەڵێت، یەکێکی تر شتێکی تر دەڵێت. زۆر سەرلێشێواون، وڵاتەکەیان بەڕاستی وێران بووە."
سەرۆکی ئەمەریکا ئەگەری دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ ڕاستەوخۆکانی لەگەڵ ئێران لە پاکستان ڕەتکردەوە. سەرەڕای دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ پاکستان، ڕایگەیاند "ئەمە گەشتێکی درێژە، هەموو کارەکانی پەیوەست بە گفتوگۆکان لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە ئەنجام دەدەین."
ڕایگەیاند بەرپرسانی پاکستان لە کارەکانیان بەردەوامن و "هەوڵی زۆیان داوە، بەڵام دڵنیا نیم دەگەنە ئەنجام."
سەبارەت بە پرسی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ کۆنگرێس بە مەبەستی درێژکردنەوەی وادەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران، ترامپ ئەمەی بە پێویست نەزانی و گوتی "کەس پێشتر ئەمەی نەکردووە...بۆچی دەبێت ئەمە بۆ ئێمە جیاواز بێت؟"
سەرۆک ترامپ جارێکی تر ڕەخنەی لە هەڵوێستی هاوپەیمانانی ئەوروپا لەبارەی ئێرانەوە گرت و ڕایگەیاند، "من دڵخۆش نیم بە ئیتاڵیا و ئیسپانیا، پێیان وایە ئاساییە ئێران چەکی ناوەکی هەبێت، ئەمە زۆر ژیرانە نییە." ترامپ جەختی کردەوە لەوەی ئەگەر ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوەکی، "جیهان ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە دەبێتەوە کە گەرگیز پێشتر بەخۆیەوە نەبینیوە."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ئەگەر ڕێککەوتن ئەنجام نەدرێت چی ڕوودەدات؟ سەرۆکی ئەمەریکا ڕەتی کردەوە باس لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ ڕۆژنامەنووسان بکات و ڕایگەیاند، "ئەگەر ئێستا ئێران بەجێبهێڵین، 20 ساڵی تریان پێویستە بۆ بونیادنانەوەی وڵاتەکەیان... ئەگەر ئێستا شەڕەکە بەجێبهێڵین سەرکەوتنێکی گەورەمان بەدەست هێناوە، بەڵام ئەمە ناکەین."