براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، "هێزەکانی ئەمەریکا سەرکەوتووانە ئاراستەی 42هەمین کەشتی بازرگانیان گۆڕیوە کە هەوڵی پێشێلکردنی گەمارۆکەی داوە."
کوپەر ڕۆژی چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " ئەمە هەنگاوێکی بەرچاوە، بەڵگەی کارە گرنگەکانی کچ و کوڕە سەربازییەکانی ئەمەریکایە کە دەتوانن ڕێگری بکەن لە بازرگانی دەریایی و ڕێگە نەدەن کەشتییەکان بچنە بەندەرەکانی ئێرانەوە یان لەوێوە دەربچن."
لە بەیاننامەکەدا تیشک خراوەتە سەر ئەو زیانانەی کە بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە تا ئێستا بەر ئێران کەوتووە. دەڵێت تەنها لە کەرتی نەوتدا، لە ئێستادا 41 کەشتی نەوتهەڵگر هەیە کە 69 ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدایە کە ڕژێمی ئێران ناتوانێت بیفرۆشێت.
سێنتکۆم وامەزەندە دەکات کە زیانەکانی ئێران لە ڕەوتی نەوتی بلۆککراو زیاتر لە شەش ملیار دۆلارە کە سەرکردایەتی ئێران ناتوانێت سوودی لێ وەربگرێت.
هەروەها جەختیش لە کاریگەرییەکانی سزاکان دەکاتەوە و دەڵێت " سزاکان زۆر کاریگەرن و هێزەکانی ئەمەریکا پابەندبوونێکی تەواو و بەردەوامیان هەیە بۆ جێبەجێکردنی."
لە پۆستێکی جیادا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس، سێنتکۆم وێنەی کردەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و جموجۆڵی سەربازی لە ئاوەکاندا بڵاوکردەوە.
سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاندووە " زیاتر لە دوو هەفتەیە هێزەکانی ئەمەریکا بە سەرکەوتوویی گەمارۆکەیان جێبەجێ کردووە و بازرگانی ئێران و ئابورییان بە ڕووی دەرەوەدا بڕیوە."