Accessibility links

ئەردۆغان ڕەخنەکان لەسەر هەوڵەکانی تورکیا بۆ ئاشتی لەگەڵ پەکەکە ڕەتدەکاتەوە

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، پڕۆسەی ئاشتی بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە ململانێی دەیان ساڵەی تورکیا لەگەڵ پەکەکە لە "کەشێکی ئەرێنیدا" بەرەوپێش دەچێت.

ئەم قسانەی ئەردۆغان دوای ئەوە بوو کە پەرلەمانتارەکانی لایەنگری کورد ڕەخنەیان گرتبوو.

ئەردۆغان لە لێدوانێکیدا لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند، هەنگاوەکانی ئەم دواییە پرۆسەکەیان گەیاندووەتە قۆناغێکی هەستیارتر دوای پەسەندکردنی ڕاپۆرتێکی کۆمیسیۆنی پەرلەمان کە تیایدا نەخشەڕێگای چاکسازی یاسایی لە لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ی لە یاسادەرچوو، خراوەتە ڕوو.

وتەکانی ئەردۆغان ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە دەم پارتی ( پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان)، یەکێک لە توندترین ڕەخنەکانی تا ئێستای لە حکومەت بڵاوکردەوە و تۆمەتباری کرد بەوەی کە بە "شێوەیەکی دوودڵانە و ترسنۆک و چەقبەستوو" مامەڵە دەکات سەرەڕای ئەوەی کە بە دەرفەتێکی مێژوویی بۆ ئاشتی وەسفی کردووە.

ئەردۆغان ئەو جۆرە ڕەخنەیەی ڕەتکردووەتەوە دەڵێت " کەشێکی ئەرێنی هەیە، ئەوەی پێویستە بکرێت ڕوونە و پرۆسەکەش وەک پێویست بەرەوپێش دەچێت." ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوانەی دەرەنجامێکی ڕەشبینانە سەبارەت بە پرۆسەکە دەهێننە ئاراوە "بە خەیاڵی کاردەکەن نەک لەسەر بنەمای ڕاستییەکان".

سەرۆکی تورکیا گوتیشی " بە پەسەندکردنی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆن گەیشتوینەتە جێیەک کە پێویستە بە وردبینییەکی زیاتەوە بەڕێوەببرێت." ئاماژەی بەوەشکرد، هاوپەیمانی گەلان ئامانجی ئەوە بووە کە بە پشتیوانی لایەنە سیاسییەکانی دیکە ئەم قۆناغە بەرێبکات.

پەکەکە، کە لەلایەن تورکیا و ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپاوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشانکرابوو، ساڵی ڕابردوو هێرشەکانی ڕاگرت و لە مانگی پێنجی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو کە بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنانی بە خەباتی چەکداری خۆی داوە، ئەمەش دوای بانگەوازێکی مانگی دووی ساڵی 2025 بوو لەلایەن عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری زیندانیکراوی پارتەکەوە.

بەڵام هێشتا ناکۆکی لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو ماوە، ئەنقەرە دەڵێت پێویستە پێش گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی یان سیاسی زیاتر چەکداماڵین پشتڕاست بکرێتەوە، لە کاتێکدا ئەکتەرە سیاسییە کوردەکان داوای چاکسازی خێراتریان کردووە.

لە ئەنجامی ئەو ململانێیەی کە لە ساڵی 1984 دەستیپێکردووە، تا ئێستا زیاتر لە 40 هەزار کەس کوژراون و کاریگەری پەرەسەندنی لە عێراق و سوریادا هەبووە.

.

This item is part of
XS
SM
MD
LG