کۆشکی سپی لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامی پێشنیارێکی نوێی پێشکەش بە ئەمەریکا کردووە بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز و کۆتایی هێنان بە شەڕ، ڕوونی کردەوە واشنتن لە ڕێگەی میدیاوە دانوستان لەسەر "گفتوگۆی دیپلۆماسی هەستیار" ناکات.
ئۆلیڤیا وێڵز، وتەبێژێکی کۆشکی سپی ڕۆژی دووشەممە 27ی مانگی چوار لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بەو پرسە و هەروەها ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن سەرۆک ترامپ کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەگەڵ تیمی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی لە کۆشکی سپی سەبارەت بە ئێران هەیە، وتی "ئەمانە گفتوگۆی دیپلۆماسی هەستیارن و ئەمەریکاش لە ڕێگەی میدیاکانەوە دانوستان ناکات. وەک سەرۆک وتوویەتی، ئەمەریکا هەموو کارتەکانی بەدەستەوەیە و تەنها ڕێککەوتنێک قبوڵ دەکات کە بەرژەوەندی گەلی ئەمەریکا لە پێشینەی کارەکانیدا بێت و هەرگیز ڕێگە بە ئێران نادات چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت."
پرسیارەکەی دەنگی ئەمەریکا دوای ڕاپۆرتێکی ئەکسیۆس هات کە بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی ئەمەریکایی و دوو سەرچاوەی دیکە بڵاویکردبووە کۆماری ئیسلامی پێشنیارێکی نوێی بۆ واشنتن خستووەتەڕوو کە تێیدا هەوڵ دەدات تەنگەی هورمز بکاتەوە و کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت، بەڵام دانوستانە ئەتۆمییەکان بۆ قۆناغێکی دواتر دوادەخات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، پێشنیارێکی لەو شێوەیە دەتوانێت ببێتە کێشەیەکی گەورە بۆ بەڕێوبەرایەتی سەرۆک ترامپ، چونکە هەڵگرتنی گەمارۆ و کۆتاییهێنان بە شەڕ، هێزی ترامپ لە هەر دانوستانێکی داهاتوودا کەم دەکاتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی ناوکی ئێران و ڕازیکردنی تاران بە ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم.
شایانی باسە ئەم دوو پرسە ئامانجە سەرەکییە ڕاگەیەندراوەکانی بەڕێوبەرایەتی ترامپ بوون بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی.
سەرۆک ترامپ ڕۆژی شەممە گەشتی نوێنەرەکانی بۆ ئیسلام ئابادی هەڵوەشاندەوە کە بڕیار بوو لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی کۆ ببنەوە. ترامپ دوای فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی گەشتی نوێنەرەکانی بۆ ئیسلام ئاباد و وەستاندنی دانوستانەکانی لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "ئێمە گەشتەکەمان هەڵوەشاندەوە، ئێمە 15 کاتژمێر لە فڕۆکەدا بەسەر نابەین بۆ ئەوەی ئەوان بەڵگەنامەیەکمان پێدەدەن کە باش نەبێت. بۆیە ئێمە بە تەلەفۆن مامەڵە دەکەین و ئەوانیش دەتوانن هەرکاتێک بیانەوێت پەیوەندیمان پێوە بکەن."
کۆشکی سپی بۆ دەنگی ئەمەریکا: ئێمە تەنیا ڕێککەوتنێک قبوڵ دەکەین کە ڕێگری لە ئێران بکات لە دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی