دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا دەڵێت ئەگەر گەمارۆی دەریایی بەردەوام بێت و نەوت نەگوازرێتەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران تەنها نزیکەی سێ ڕۆژی ماوە بۆ ئەوەی عەمبارەکانی نەوتی بگەنە خاڵی تەقینەوە.
ترامپ ڕۆژی یەکشەممە 26ی چوار لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنی لەگەڵ فاکس نیوز جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوتی ئێران کە رێژەیەکی زۆری نەوت دەگوازنەوە، بەهەر هۆکارێک بە داخراوی بمێننەوە، ئەوا بۆرییەکان دەتەقێنەوە.
سەرۆکی ئەمەریکا هۆکاری ئەم مەترسییەی بۆ گەمارۆی دەریایی و ڕێگریکردنی ئەمەریکا لە گواستنەوەی نەوتی ئێران گەڕاندەوە و وتی "کاتێک ئەم عەمبارانە بتەقنەوە، هەرگیز ناتوانرێت بە هەمان شێوە دووبارە دروست بکرێنەوە. ئەگەر ئەم جۆرە تەقینەوەیە ڕووبدات، دروستکردنەوەی بۆرییەکان وەک پێشوو ناکرێت، و تەنانەت ئەگەر دروست بکرێنەوە، تواناكانیان زۆرتر لە نزیکەی 50 لەسەدی ئاستی ئێستا دەبێت."
ترامپ پێی وایە ڕێگای ڕاگرتنی ئەم ڕووداوە ڕێککەوتنی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەمەریکایە و وتی "نابێت ڕێگە بدرێت ئێران دەستی بە چەکی ناوەکی بگات و ئەو کارەی ئێمە کردوومانە دەبوو لە 47 ساڵی ڕابردوودا بکرایە. هەندێک لەو کەسانەی ئێستا لەگەڵیان قسە دەکەین زۆر عاقڵانە ڕەفتار دەکەن، بەڵام هەندێکیان وا نین."
سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها ئاماژەی بە کێشە و ملمانێ ناوخۆییەکانی نیوان سەرکردایەتی ئێران کرد و وتی ئەگەر ئەوان "بیانەوێت لەگەڵمان قسە بکەن، دەتوانن پەیوەندی بکەن و دەتوانین دانوستانەکان بە ڕێگەی تەلەفۆن ئەنجام بدەین."
ترامپ لە هەمان چاوپێکەوتنەدا ڕایگەیاند لە ماوەی شەڕی چل ڕۆژەدا، سەرکردە رادیکاڵەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون، هێزی دەریایی ئێران "تەواو تێکچووە"، هێزی ئاسمانی لەناوچووە و هەموو سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی و ڕادارەکانیش لەناوبراون، هەروەها نزیکەی 75 لەسەدی کارگەکانی دروستکردنی مووشەک و نزیکەی 80 لەسەدی توانای دروستکردنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیش زیانێکی گەورەیان پێگەیشتووە.
لە هەمان کاتدا، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە گەشتی نوێنەرەکانی بۆ ئیسلاماباد بۆ بەردەوامکردنی دانوستانەکان لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی هەڵوەشاند و وتی "ئێمە ئەو گەشتەمان هەڵوەشاند، چونکە نابێت هەمیشە 15 کاتژمێر لە فڕۆکەدا دابنیشین و لەم لایەوە بۆ ئەو لا بڕۆین بۆ ئەوەی بەڵگەنامەیەکمان پێبدەن کە باش نییە. بۆیە ئێمە دانوستانەکان بە تەلەفۆن ئەنجام دەدەین و ئەوان هەر کاتێک بیانەوێت دەتوانن پەیوەندیمان پێوە بکەن."