عامر رامش، زیندانی سیاسیی بەلووچ کە لە مانگی هەشتی 2024دا دەستبەسەر کرا بوو، لەلایەن رژێمی ئێرانەوە لە سێدارە درا. رامش کە زیندانییەکی سیاسی بەلووچ بوو، لە زیندانی ناوەندیی زاهیدان جێبەجێ کراوە.
پێشتر هەواڵی کوژرانی عامەر لە هەمان ساڵدا لەلایەن هێزە حکومییەکانەوە بڵاو کرابووەوە، بەڵام دوای ماوەیەک دەرکەوت کە بریندار بووە و لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کراوە.
بە گوێرەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە 26ی چوار، سزای لەسێدارەدانی عامەر رامش، زیندانی سیاسیی بەلووچ کە لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا تەنیا نزیکەی 18 ساڵ تەمەنی هەبووە، دوای 19 مانگ زیندان لە زیندانی ناوەندیی زاهێدان جێبەجێکراوە.
ئاژانسی هەواڵی میزان سەر بە دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی رایگەیاندووە ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ عامر رامش بریتی بوون لە "بەغی" یان سەرهڵدان لە دژی حکومەتی ئیسلامی،"ئەندامێتی لە گرووپی جەیشالعدل" و "هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوی عەبدولغەفار نەقشبەندی".
پێشتر میدیای حکومەتی گرتەیەکی ڤیدیۆیی دانپێنانەکانی عامەر رامشیان بلاو کردببووەوە کە لەو ڤیدیۆیەدا، بە گوێرەی هەنگاو، شوێنەواری ئەشکەنجە لەسەر دەمووچاوی رامش دیار بووە.
هەبوونی شوێنەواری ئەشکەنجە، خێرایی رەوتی داداگایی کردنی عامەر رامش، و لە سێدارەدانی دەسبەجێی ئەو بووەتە هۆی ئەوەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ گومانی جیددی بخەنە سەر کۆی گشتی پرۆسەکە.
ڕۆژی شەممە ئەوین مستەفازادە وتەبێژی رێکخراوی کوردپا، لە لێدوانێکدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا رایگەیاند "لە ماوەی چل رۆژی رابردوودا ئێران 19 زیندانی سیاسی لە سێدارە داوە کە 9 کەسیان لە ئەو کەسانە بوون، کە لە ناڕەزایەتیەکان لە دژی گرانی بەشداریان کردبوو."
ڕۆژی شەممەش دەزگای دادپەوەری ئێران رایگەیاند، سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە 25ی چوار بە کاتی تاران، عیرفان کیانی، یەکێک لەو کەسانەی کە پێشتر لە ناڕەزایەتیەکان لە دژی بەرزبوونەوەی نرخی شتوومەک دەستبەسەرکرابوو، لە سێدراە دراوە.