سیناتۆر گراهام، سیناتۆری کۆماریی کارۆلاینای باشوور، لە پۆستێک لە سەر هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسدا رایگەیاندووە کە لە رێگەی تەلەفوونەوە لەگەڵ سەرۆک ترامپ لەسەر هەندێک بابەت قسەی کردووە.
بە گوێرەی ئەو یەکێک لەو بابەتانەی کە قسەیان لەسەر کردووە بابەتی ئێران بووە و دەڵێت گفتوگۆیەکی باشیان کردووە "سەبارەت بە ڕێگای بەرەوپێشچوون لەگەڵ ئێراندا و هەموو متمانەیەکم هەیە کە چەندین بژاردەی باشی لەبەردەستدایە بۆ دڵنیابوون لەوەی دەستکەوتەکانی دژی ڕژێمی ئێران پارێزراون و لە هەمووی گرنگتر بەردەوام دەبن."
دەشڵێت ئامانجی سەرەکی سەرۆک ترامپ" دڵنیابوونە لەوەی کە ئێران هەرگیز نەتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت، چونکە ڕاستە کە وا بیربکاتەوە ڕادیکاڵەکانی ناو ئەم ڕژێمە بەکاری دەهێنن."
گراهام ڕایشیگەیاند ئەو بە تەواوی پشتیوانی لە بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکەی ستیڤ ویتکۆڤ نێردەی تایبەتی ئەمەریکا و جارێد کوشنەر، نوێنەری ئەمەریکا بۆ ئاشتی، بۆ پاکستان بە مەبەستی گفتووگۆی زیاتر لەگەڵ ئێران. بە گوێرەی گراهام ئەم بڕیارە بەتایبەت بڕیارێکی "زۆر زیرەکانە"یە لەبەرئەوەی تاران دوای ئاگربەست، هێرشی زیاتری کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان.
سیناتۆرەکە وتی گەمارۆکە هەم وەکوو چەمک و هەم لە کردەوەدا بیرۆکەیێکی نایابە و هەروەها ستایشی سەرۆک و تیمەکەی کرد بۆ هەوڵەکانیان بۆ بەرفراوانتر کردن و بەجیهانی کردنی ئەو گەمارۆیە. گراهام لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە ڕژێمی ئێران لە لاوازترین دۆخی خۆیدایە لە دوای ساڵی 1979ەوە، و ئەوە کە چی روودەدات پیوەندی بەوەوە هەیە کە ئێرانیەکان چی هەڵدەبژێرن.
گراهام سوپاسی هێزە ئاسایشیەکانیشی کرد بۆ ڕزگارکردنی ژیانی سەرۆک و بەشداربووانی ئێوارەخوانی ساڵانەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی لە واشنتن دی سی. ئەو هەروەها ڕایگەیاند هەردووکیان، ترامپ و خۆی، زۆر سوپاسگوزارن بۆ کارەکانی هێزەکانی ئاسایش کە خێرا هەڵسووکەوتيان کرد و ترامپ و بەشداربووانيان پاراست.
هەروەها، گراهام پشتیوانی تەواوی لە پێشنیاری ترامپ کرد بۆ دروستکردنی هۆڵێکی پارێزراوی سەرۆکایەتی لە ناو کۆشکی سپی بۆ بەڕێوەبردنی بۆنە گەورەکان.