Accessibility links

ئیسرائیل دوای دەکردنی فەرمانی چۆڵکردنی حەوت شارۆچکەی لوبنان، هێرشەکانی خۆی دەستپێدەکات

میدیاکان بڵاویانکردووەتەوە سوپای ئیسرائیل دوای دەرکردنی هۆشداریی چۆڵکردنی حەوت شارۆچکەی لوبنان، ڕۆژی یەکشەممە هێرشەکانی بۆ سەر باشووری ئەو وڵاتە دەستپێکردووە.

ئاژانسی هەواڵی حکومەتی لوبنان بڵاویکردووەتەوە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان بۆ سەر کفری تبنیت ئەنجامداوە کە یەکێکە لەو ناوچانەی لەژێر هۆشداریدان، ئاماژەی بەوەشکردووە هێرشەکان زیانی گیانیان لێکەوتووەتەوە.

چەند کاتژمێرێک پێشتر سوپای ئیسرائیل فەرمانی نوێی چۆڵکردنی لە باشووری لوبنان دەرکرد و فەرمانی بە دانیشتوانی حەوت شارۆچکەی ئەو وڵاتە کرد، شوێنەکە چۆڵ بکەن.

کۆڵۆنێڵ ئەڤیچای ئەدرەعی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی "بە لەبەرچاوگرتنی پێشێلکردنی بەندەکانی ئاگربەست لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی حزبوڵڵاوە، سوپای ئیسرائیل ناچارە ڕێوشوێنی توندی بەرپەرچدانەوە بگرێتەبەر."

لە هەمان پەیامدا نووسیویەتی کە هاووڵاتیانی مەدەنی لە میفدۆن، شوکین، یۆهامەر، ئارنۆن، زۆتێر شەرقیە و کفر تبنیت فەرمانیان پێکراوە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و لانیکەم یەک کیلۆمەتر لەو ناوچەیە دوور بکەونەوە کە لەسەر نەخشەی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی پێکراوە.

دوێنێ نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ناتانیاهۆ "فەرمانی بە سوپای ئیسرائیل کردووە کە هێرشی قورس بۆ سەر ئامانجەکانی حزبوڵڵا لە لوبنان ئەنجام بدات". ئیسرائیل حزبوڵای لوبنانی تۆمەتبار کردووە بە "بەردەوامی پێشێلکردنی ئاگربەست" و تەقاندنی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر پێگەکانی ئیسرائیل.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە دوای میوانداریکردنی بەرپرسانی ئیسرائیل و لوبنان لە کۆشکی سپی، ماوەی سێ هەفتەی ئاگربەستی ڕاگەیاند.


This item is part of
XS
SM
MD
LG