Accessibility links

تۆمەتباری تەقەکردن لە ئێوارەخوانی پەیامنێرانی کۆشکی سپی دەستگیر دەکرێت

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە تۆمەتباری تەقەکردن لە ئێوارەخوانی ساڵانەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی لە واشنتن دەستگیر کراوە.

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەو کەسە بە زیندووی دەستگیرکراوە و لە دەستبەسەری هێزە ئەمنییەکاندایە. هەروەها دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە "تەقەکەرەکە دەستگیرکراوە" و ئاماژەی بەوەشکرد، پێشنیاری کردوە مەراسیمەکە بەردەوام بێت، بەڵام بڕیاری کۆتایی لەسەر بنەمای بڕیاری پۆلیس دەبێت.

شایەتحاڵان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، دوای ئەوەی دەنگە بەرزەکان بیستراون، هێزە ئەمنییەکان دۆناڵد ترامپ و میڵانیا ترامپیان لە شوێنەکە دوورکردووەتەوە و بەرپرسانی باڵای کابینەکەش وردە وردە شوێنی کۆبوونەوەکەیان جێهێشتووە.

تا ئێستا وردەکاری زیاتر لەسەر پاڵنەر و ناسنامەی تۆمەتبارەکە بڵاونەکراوەتەوە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە.

ڕووداوەکە دوای وتاری دەستپێکردنی ئاهەنگەکە و پێش وتارەکەی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕوویداوە.

دوای ماوەیەکی کەم لە ڕووداوەکە، دۆناڵد ترامپ لە پەیامێکیدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی تروث نووسیویەتی "پۆلیس و ئاسایش داوایان کردووە کە ئێمە بیناکە وەک ڕێکارە ئاساییەکان چۆڵ بکەین وئێمەش دەستبەجێ ئەو کارە دەکەین، دوای 30 خولەک لە ژووری ڕاگەیاندنی کۆشکی سپی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی سازدەکەم، خانمی یەکەم، لەگەڵ جێگری سەرۆک و سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران تەندروستییان باشە. لەگەڵ هەموو نوێنەرانی بەرپرسیار لەم چالاکییە قسەم کردووە و لە ماوەی 30 ڕۆژی داهاتوودا کاتێکی نوێی بۆ دیاری دەکەین."

This item is part of
XS
SM
MD
LG