Accessibility links

حکومەتی ئەمەریکا دەیەوێت دەست بەسەر کۆشکێکی مەنسور بارزانیدا بگرێت کە دەڵێت بە پارەی بەرتیل کڕدراوە

حکومەتی ئەمەریکا دەیەوێت دەست بەسەر کۆشکێکدا بگرێت، لە چوارچێوەی سکاڵایەکی وەزارەتی داد، بەو تۆمەتەی گوایە پارەی کڕینی کۆشکەکە لە چوارچێوەی فێڵکردن لە سوپای ئەمەریکا و بەرتیلدان بە مەنسور بارزانی بووە.

دەنگی ئەمەریکا تەواوی بەڵگەنامەکانی سکاڵاکەی دەستکەوتووە. بە گوێرەی پەڕاوی فەرمی سکاڵاکە، لایەنی فەرمی سکاڵاکار حکومەتی ئەمەریکایە.

کەیسەکە لەلایەن ئێف بی ئای و دەزگای خزمەتگوزاری لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی بەرگری و لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی باجدان (IRS) لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە. وەزارەتی دادی ئەمەریکا 22ی چواری 2026 بەیاننامەیەکی لەسەر کەیسەکە بڵاوکردەوە.

لە بەیننامەکەدا هاتووە، "وەزارەتی داد ئەمڕۆ سکاڵایەکی دەستبەسەرداگرتنی مەدەنی لە دادگای ناوچەیی ئەمەریکا بۆ ناوچەی ناوەندی کالیفۆرنیا تۆمارکرد و داوای دەستبەسەرداگرتنی کۆشکێک دەکات کە دەکەوێتە شاری بێڤەرلی هیڵز لە ویلایەتی کالیفۆرنیا، کە گوایە بە نزیکەی 30 ملیۆن دۆلار کڕدراوە و نۆژەن کراوەتەوە، لە داهاتی پلانێک بۆ فێڵکردن لە دەزگای لۆجستیکی بەرگری وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا و بەرتیلدان بە بەرپرسێکی هەرێمی کوردستانی عێراق و پێشێلکردنی یاساکانی سپیکردنەوەی پارەی ئەمەریکا."

سکاڵاکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی دژ بە داعش لە ساڵانی نێوان 2016 بۆ 2020؛ دەڵێت کۆمپانیایەکی بەڵێندەری ئەمەریکایی بەرتیلی ملیۆنان دۆلاری داوە بە مەنسور بارزانی کە ئەو کات فەرماندەیەکی باڵای پێشمەرگە بووە و ڕۆڵێکی گرنگی گێراوە لە دەستگەیشتن بە بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان.

پەڕاوی سکاڵاکەی حکومەتی ئەمەریکا ناوی ئەو کۆمپانیایەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ئاماژەی داوە بەوەی بنکەی سەرەکی کۆمپانیاکە لە ویلایەتی ڤێرجینیایە.

بە گوێرەی ژمارەی ئەو بەڵێنە بێت کە لە سکاڵاکەدا بڵاوکراوەتەوە، کۆمپانیاکە بریتییە لە دی جی ج سی ئینتەرناشناڵ کە ساڵی 2005 وەک کۆمپانیایەکی ئای تی دامەزراوە و ساڵی 2010 توانیویەتی یەکەم گرێبەستی حکومەتی ئەمەریکا بەدەست بهێنێت.

لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2023، کۆمپانیاکە چەند گرێبەستێکی بە بەهای 700 ملیۆن دۆلار لەگەڵ حکومەتی ئەمەریکا ئەنجام داوە، بۆ دابینکردنی وزەی سوتەمەنی بۆ ئەو فڕۆکانەی ئەمەریکا کە لە پرۆسەکانی دژ بە داعش لە عێراق و ناوچەکەدا بەکارهاتوون.

حکومەتی ئەمەریکا دەڵێت کۆمپانیاکە بە نایاسایی هەوڵیداوە کۆمپانیاکانی تر لە کێبڕکێ دوور بخاتەوە، بۆ ئەمەش بەرتیلی بە ڕێژەی 25 سەنتی بۆ هەر لیترێک سوتەمەنی داوە بە مەنسور بارزانی لە بەرامبەر دابینکردنی "دەستڕاگەیشتنێکی تایبەت" بەو بنکانەی هێزەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان.

حکومەتی ئەمەریکا هەروەها دەڵیت لەو ماوەیەدا، کۆمپانیاکە نرخی سووتەمەنییەکەی بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزکردووەتەوە، لە هەمان کاتدا کۆمپانیا ڕکابەرەکان ڕێگرییان لێکراوە لە بەکارهێنانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ گواستنەوەی سوتەمەنی بۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا.

حکومەتی ئەمەریکا ئاماژە دەکات بەوەی لە ساڵی 2018، نزکەی 30 ملیۆن دۆلار لەو پارە نایاساییانە لەلایەن سندوقێکی متمانەی سەر بە مەنسور بارزانییەوە خەرجکراوە بۆ کڕین و نۆژەنکلردنەوەی "کۆشکێک" لە شاری بێڤەرلی هیڵزی ویلایەتی کالیفۆرنیا.

بە گوێرەی بەڵگەنامەیەکی تری حکومەتی ئەمەریکا کە دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتووە، کۆشکەکە دەکەوێتە شەقامی فوت هێڵ.

ماڵپەڕی زێڵۆی ئەمەریکایی و چەند ماڵپەڕێکی تری خانووبەرە ئەوەیان دەستنیشان کردووە کە کۆشکەکە لەسەر ڕووبەری زیاتر لە 4 هەزار و 127 مەتر دوجا دروستکراوە، بریتییە لە ڤێلایەک بە دیزاینی فەرەنسی و پێکهاتووە لە شەش ژوری خەوتن، نۆ شۆرگە، شانۆیەک، مەلەوانگەیەک، لەگەڵ چەند باخچەیەکی ئەوروپایی.

شایەنی باسە، ئەم سکاڵایەی حکومەتی ئەمەریکا هەتا ئێستا هەر لە ناو خانەی تۆمەت دایە. ئەرکی سەلماندنی تۆمەتەکان لە سکاڵای مەدەنیدا دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی ئەمەریکا.

لە ئێستادا هۆبەی سپیکردنەوەی پارە، ماددە هۆشبەرەکان و دەستبەسەرداگرتن لە بەشی تاوانەکانی وەزارەتی دادی ئەمەریکا ئەو کەیسە بەڕێوە دەبات.

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کردووە بە لایەنەکانی تۆمەتبار لەو کەیسە. لەگەڵ دەستکەوتنی زانیاری زیاتر هەواڵەکە نوێ دەکرێتەوە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG