لەگەڵ بەردەوامی کاریگەرییە ئابووریەکانی شەڕ دژی ڕژێمی ئێران، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت چەند وڵاتێکی کەنداو و ئاسیا داوای ئاڵوگۆڕی دراوەکانیان بە دۆلاری ئەمەریکایی دەکەن.
وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا سکۆت بێسێنت ڕایگەیاند ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی کەنداو، بە دیاریکراوی وڵاتی ئیمارات، و چەند وڵاتێکی تری ئاسیا داوای ئاڵوگۆڕی دراوەکانیان لەگەڵ دۆلار کردووە.
ئەگەر ئەم هەنگاوە جێبەجێ بکرێت، دەرفەت دەدات بە بانکی ناوەندی ئەو وڵاتانە ڕاستەوخۆ لەگەڵ بانکی ناوەندی ئەمەریکا دۆلار بە دراوەکانیان ئاڵوگۆڕ بکەن.
سکۆت بێسێنت ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند گفتوگۆکان چەند ساڵێکە دەستیان پێکردووە و بەردەوامن.
جەختی کردەوە لەوەی ئەم هەنگاوە یارمەتی مانەوەی دۆلار دەدات وەک دراوی باڵادەستی جیهان و " یەکەمین هەنگاوی سەرەکییە بۆ دروستکردنی ناوەندی نوێی پارەدان بە دۆلار لە کەنداو و ئاسیادا."
چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەنگاوە یارمەتی ئابووری وڵاتانی کەنداو بدات کە بە هۆی هێرشەکانی ئێران زیانێکی زۆری بەر کەوتووە.
پێشتریش، رۆژی سێشەممە، سەرۆک ترامپ بە کەناڵی سی ئین بی سی ڕاگەیاند ئەو داواکارییەی ئیماڕات لەبەرچاو دەگرێت چونکە "ئەوان هاوپەیمانێکی زۆر باش بوونە."