Accessibility links

وەزیری جەنگ: زۆر لە نزیکەوە چاودێری هێرشەکان بۆ سەر کورد دەکەین

وەزیری جەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند کورد ڕووبەڕووی هێرشێکی زۆری گرووپە شیعە عێراقییەکانی نزیک لە ئێران بووەتەوە و ئەمەریکا "زۆر لە نزیکەوە" چاودێری ئەم هێرشانە دەکات.

پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمەریکا، ڕۆژی هەینی لە پنتاگۆن ڕایگەیاند، "زۆر لە نزیکەوە چاودێری هێرشەکان دەکەین، وە ئەو ناوچەیە و خەڵکەکەی، کوردەکان، ڕووبەڕووی ئەو کردانە دەبنەوە کە گرووپی میلیشیا بریکارەکانی ئێران توانای ئەنجامدانیان هەیە."

ئاماژەی دا هێرشەکان بۆ سەر کورد بەڵگەی ئەو ڕاستییەن کە ئێران بە تەنها کوشتاری خەڵکی خۆی ناکات بەڵکو ترس و تۆقاندنیش لە ناوچەکە بڵاودەکاتەوە.

وەزیری جەنگ گوتیشی، "بۆیە ئەم ئەرکە گرنگە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی باش بۆ ئەوەی دڵنیا ببینەوە لەوەی ناتوانن چەکی ناوەکی بۆ بەهێزکردنی خۆیان بەسەر ئەو بریکارانەوە بەدەست بهێنن."

لێدوانەکەی پیت هێگسێت کە لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەوانی کورد ڕەحیم ڕەشیدیدا بوو، لە کاتێکدایە سەرەڕای بەردەوامی ئاگربەست، هێرشی گرووپە عێراقییەکانی سەر بە ئێران بەردەوامن بۆ سەر هەرێمی کوردستان.

بە گوێرەی ڕێکخراوی هەنگاو، ئەم هێرشانە لە ماوەی 16 ڕۆژی ڕابردوودا بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی 4 هاووڵاتی و برینداربوونی لانی کەم 9 هاووڵاتیی دیکە.

فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی لە بەیاننامەیەکدا داوای لە حکومەتی عیراق کرد، "بەرپرسیارێتی دەستووری خۆی بگرێتە ئەستۆ لە پاراستنی سەرەوەی عیراق و رێگری کردن لەو پێشێلکاریانەی کە دەکرێنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان."

فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە هەروەها نیگەرانی "قوڵی" دەربڕیوە لەبەرامبەر ئەو تۆمەتانەی بەم دواییە لە هەندێک دامەزراوەی دادوەری و ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بلاوکراونەتەوە کە گوایە هەندێک لەو کەسانەی لای ڕژێمی ئێران داواکراون لە هەرێمی کوردستان لەلایەن دەزگای هەواڵگری وڵاتانی ترەوە مەشقیان پێکراوە.

حکومەتی هەرێم ئەو تۆمەتانە رەت دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە "هیچ بارەگا و ناوەندی مەشق و راهێنانی دەزگای هەواڵگری ووڵاتان لە هەرێمی کوردستان بوونی نیە."

This item is part of
XS
SM
MD
LG