سەرۆک دۆناڵد ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە ڕەتیکردەوە ئەمەریکا لە ململانێکان لەگەڵ ئێران چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت و هەروەها پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە هیچ فشارێک نییە بۆ ئەوەی پەلە بکات بۆ ڕێکەوتنێکی خراپ لەگەڵ ئێران.
ترامپ لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێرێکدا بە ئاماژەدان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە هاوبەشەکەی ئەمەریکا و ئیسرائیل کە لە 28ی مانگی دوو دەستیپێکرد، وتی "بۆچی من چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنم؟ ئێمە بە تەواوی و بە شێوەیەکی زۆر ئاسایی و بە بێ چەکی ئەتۆمی لەناومان بردوون."
وتیشی "نەخێر، من بەکاری ناهێنم و هەرگیز نابێت ڕێگە بدرێت چەکی ئەتۆمی لەلایەن هیچ کەسێکەوە بەکاربهێنرێت."
سەرۆک ترامپ لە لێدوانێکدا سەبارەت بە دانوستانەکان و ئەوەی تا چەند ئامادەیە چاوەڕێی وەڵامی ئێران بکات، ڕایگەیاند هیچ فشارێک نییە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێکی خراپ لەگەڵ ئێران بکات. ئاماژەی بەوەشکرد خوازیاری ڕێککەوتنێکی هەمیشەییە بۆ ئەمەریکا و جیهان.
سەرۆک ترامپ وتی "دەمەوێت باشترین ڕێککەوتن بکەم. دەتوانم لە ئێستاوە ڕێککەوتن بکەم. ئایا دەزانی ئەگەر ئێستا ئەوە بکەم،ئەوان 20 ساڵیان دەوێت تا بتوانن دووبارە خۆیان بنیات بنێنەوە؟ بەڵام نامەوێت ئەوە بکەم. دەمەوێت ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی بکەم؛ دەمەوێت جۆرێک بێت کە هەرگیز دەستیان بە چەکی ناوکی نەگات."
وتیشی ئەمەریکا "کۆنتڕۆڵی تەواوی" تەنگەی هورمزی هەیە و بە داخراوی دەیهێڵێتەوە بۆ ئەوەی ئێران نەتوانێت ڕۆژانە 500 ملیۆن دۆلار داهات بەدەستبهێنێت "تا ئەو کاتەی ڕێککەوتنەکە یەکلایی دەبێتەوە."
ترامپ وتی "دەزانن کێ لە ژێر فشاری کاتدایە؟ ئەوە ئەوانن لە ژێر فشاردان، چونکە ئەگەر نەوتەکەیان نەگوازرێتەوە، هەموو ژێرخانی نەوتەکەیان لەناو دەچێت ... چونکە شوێنێکیان نییە بۆ هەڵگرتنی."
وتیشی "تەنگەکە کاتێک دەکرێتەوە کە ئەوان [ئێران] ڕێککەوتنێک بکەن یان شتێکی تر ڕووبدات کە زۆر ئەرێنی بێت."
ئاماژەی بەوەشکرد ئەگەر ئێران ڕێککەوتنێک نەکات، "بەڕێگەی سەربازییەوە کارەکە تەواو دەکەم.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کاریگەرییە ئابوورییەکانی ململانێکان لەگەڵ ئێران و بەرزبوونەوەی نرخی گاز، سەرۆک ترامپ وتی پێویستە ئەمەریکاییەکان چاوەڕوانی بەرزبوونەوەی نرخی گاز "بۆ ماوەیەکی کەم" بکەن و وتی لە بەرامبەردا ئێرانێکی بێ چەکی ئەتۆمییان دەستدەکەوێت.
وتیشی پێموایە هیچ شتێک لەوە خراپتر نابێت کە هۆلۆکۆستی ئەتۆمی لە ئەوروپادا هەبێت؛ لەندەن، پاریس، شوێنە جیاوازەکانی ئەڵمانیا، هەموویان ئامانجن بۆ کۆماری ئیسلامی.
سەرۆک ترامپ وتی "پەلەم نییە و بە ئیسراحەتی خۆم سەیری شتەکان دەکەم و کاتێکی زۆرمان لەبەردەمدایە، دەمەوێت ڕێککەوتنێکی گەورە بکەم. دەمەوێت ڕێککەوتنێک بەدەست بهێنم کە گەلەکەمان و جیهان ڕزگار کەم لەدەستی شێتەکانی خاوەن چەکی ئەتۆمی."
وتیشی سەرکردایەتی ئێران تووشی پەرتەوازەبوون و پشێوی بووە.
سەرۆک ترامپ وتی "ئێمە قسەمان لەگەڵیان کردووە، بەڵام تەنانەت نازانن کێ سەرکردایەتی وڵاتەکەیان دەکات. ئەوان لەسەرلێشوانێکی قووڵدان و بۆیە پێمان وابوو کەمێک دەرفەتیان پێدەدەین بۆ ئەوەی بەشێک لە پشێوییەکانیان چارەسەر بکرێت."
مەسعود پزشکیان سەرۆک کۆماری ئێران و بەرپرسانی دیکە لە نێویاندا محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە ڕەتیان کردەوە دووبەرەکی لە نێوان سەرکردایەتی وڵاتەکەدا هەبێت.