Accessibility links

ترامپ: لەبارەی ئاگربەست، دانوستان و کۆتایی هاتنی شەڕ هیچ پەلەمان نییە

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند هیچ گوشارێکمان لەڕووی کاتەوە لەسەر نییە بۆ دەستنیشانکردنی وادەیەکەی دیاریکراو بۆ ئاگربەست یان ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران.

ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، ڕۆژێک دوای درێژکردنەوەی ئاگربەست لەگەڵ ئێران، پشتڕاستی کردەوە کە ڕاپۆرتەکانی "دەرفەتی سێ بۆ پێنج ڕۆژ" بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە "هەڵەن".

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها لەبارەی ئەو کەشتیانەی کە ڕۆژی چوارشەممە لە تەنگەی هورمز تەقەیان لێکراوە یان لەلایەن ئێرانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، وتی "ئەوان کەشتی ئەمەریکایی نەبوون" ئاماژەی بەوەشکرد چاودێری دۆخەکە دەکات.

لە وەڵامی ئەو پرسیارە کە کەی شەڕ کۆتایی دێت، ترامپ وتی هیچ چوارچێویەک لە ڕووی کاتەوە دیاری نەکراوە و هیچ پەلەمان نییە.

سەرۆک ترامپ وتی "خەڵک دەڵێن من دەمەوێت بەهۆی هەڵبژاردنەکانی مانگی یازدەوە، کۆتایی پێبهێنم، بەڵام ئەمە ڕاست نییە" ئاماژەی بەوەشکرد، بەڕێوبەرایەتییەکەی دەیەوێت رێکەوتنێکی باش بۆ گەلی ئەمریکا بەدەستبهێنێت.

ترامپ هەروەها وتی، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران پیاوێکی زیرەکە و چاوەڕێ دەکات کاتێک دانوستانەکان دەستیانپێکردەوە، ئەو هێشتا هەر لەو پێگەیەدا مابێتەوە.

ترامپ سەبارەت بە حکومەتی ئێران وتی "گەمارۆکە تەنانەت زیاتر لە بۆردومانەکە دەیانترسێنێت. وتیشی کاتێک بیرە نەوتەکان بۆ ماوەیەک ئیش نەکەن، زۆرجار بۆ هەمیشە لەکار دەکەون.

سکات بەسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند هێزی دەریایی ئەمەریکا درێژە بە گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران دەدات، هەنگاوێک کە ڕاستەوخۆ سەرچاوەی سەرەکی داهاتی کۆماری ئیسلامی دەکاتە ئامانج.

ناوبراو لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیبووی "لەگەڵ بەردەوامبوونی گەمارۆکان، لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا، عەمبارەکانی دوورگەی خارگ پڕ دەبن و بیرە نەوتەکانی ئێران لە بەرهەمهێنان دەکەون."

نزیکەی لەسەدا 90ی هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە دوورگەی خارگەوە دەڕوات و بە گوتەی سکات بەسێنت، پڕکردنەوەی عەمبارەکانی ئەم دوورگەیە دەتوانێت ببێتە هۆی داخستنی بیرە نەوتییەکانی ئێران، چوونکە ئەگەر نەوتەکە بە هۆی گەمارۆکانەوە هەناردە نەکرێت، دواجار شوێن بۆ هەڵگرتنی نەوت نامێنێت و بە ناچاری دەبێت بەرهەمێنانی نەوت لە بیرەکان ڕاگرن کە ئەمەش دەتوانێت زیانێکی زۆر بە بیرە نەوتەکان بگەیەنێت.

This item is part of
XS
SM
MD
LG