دۆناڵد ترامپ شەوی سێشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث نووسیویەتی "ئێران نایەوێت تەنگەی هورمز دابخرێت، ئەوان دەیانەوێت تەنگەی هورمز بکرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانن ڕۆژانە 500 ملیۆن دۆلار بەدەستبهێنن (چونکە ئەگەر دابخرێت، هەمان ئەندازە زیانیان پێدەگات!).
سەرۆک ترامپ نووسیویەتی "تاکە هۆکارێک کە بەرپرسانی ئێران دەڵێن دەیانەوێت تەنگەی هورمز دابخەن، لەبەر ئەوەیە کە من بە تەواوی گەمارۆم داوە (داخراوە!) بۆیە ئەوان ئەمە دەڵێن بۆ ئەوەی ناوبانگیان بپارێزن."
دەشڵێت "چوار ڕۆژ لەمەوبەر هەندێ کەس هاتنە لام و گوتیان گەورەم ئێران دەیەوێت تەنگەی هورمز دەستبەجێ بکرێتەوە."
ترامپ دەڵێت "بەڵام ئەگەر ئەوە بکەین (گەمارۆی دەریایی هەڵبگرین)، ئیتر ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران دەستەبەر نابێت، مەگەر باقی وڵاتەکەیان بە سەرکردەکانیشەوە بتەقێنینەوە!"
ئەم پەیامەی سەرۆکی ئەمەریکا دوای ئەوە دێت کە کاربەدەستانی ئێران پێداگرییان کرد لە سەر ئەوەی کە دەبێت پێش خولێکی دیکەی دانوستان، ئەمەریکا کۆتایی بە گەمارۆی دەریایی کۆماری ئیسلامی بێنێت.
سەرۆک ترامپ چەند کاتژمێرێک پێشتر ئاگربەستی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی درێژکردەوە.
سکات بەسنێت، وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "گەمارۆی دەریایی ئەمەریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژانی داهاتوودا عەمبارەکانی دوورگەی خارگ پڕ دەکات و بیرە نەوتەکانیشیان لە ئێران دادەخات.
ئاماژەی بەوەشکرد هێزی دەریایی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران.