دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند لەسەر داوای بەرپرسانی پاکستان، ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران بەشێوەیەکی کاتی ڕادەگرێت و ئاگربەستی ئێستا درێژدەکاتەوە.
سەرۆک ترامپ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث نووسیویەتی "ئەو بڕیارە بەجۆرێک دراوە کە بەرپرسانی ئێران دەرفەتیان هەبێت پێشنیارێکی یەکگرتوو بۆ درێژەدان بە دانوستانەکان بخەنەڕوو."
ترامپ بە ئاماژەدان بە پەرتەوازە بوونی جددی لە حکومەتی ئێران، جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانی ئەمەریکا درێژە بە گەمارۆی دەریایی دەدەن و لە ئامادەباشی تەواودا دەمێننەوە.
سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد ئاگربەست بەردەوام دەبێت تا ئێران پێشنیارێک پێشکەش دەکات و دەرئەنجامی دانوستانەکان ڕوون دەبێتەوە، "بە هەر شێوەیەک بێت".
پەیامەکەی دۆناڵد ترامپ:
"بەو پێیەی کە حکومەتی ئێران بە قووڵی دابەش و پەرتەوازە بووە کە چاوەڕوانکراویش بوو، لەسەر داوای ژەنەڕاڵ عاسیم مونیر و سەرۆک وەزیرانی پاکستان، شەهباز شەریف، داوامان لێکراوە هێرشەکەمان بۆ سەر وڵاتی ئێران ڕابگرین تا سەرکردە و نوێنەرەکانیان بتوانن بگەنە پلانێکی یەکگرتوو. بەو پێیەش فەرمانم داوە چالاکییە سەربازییەکان بەردەوام بن لە گەمارۆدانەکەیان و بە تەواوی بە ئامادەیی بمێننەوە؛ هەربۆیە، منیش ئاگربەستەکە درێژ دەکەمەوە تا ئەو کاتەی پێشنیارەک پێشکەش دەکەن و گفتوگۆکان کۆتایی پێدێت - بە هەر شێوەیەک بێت".