Accessibility links

وتەکانی ترامپ دوای لێدوانەکەی قاڵیباف: ئەگەر کۆماری ئیسلامی دانوستان نەکات، ڕووبەڕووی کێشەیەک دەبێتەوە کە پێشتر نەیبینیوە

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە بەرنامەی ڕادیۆیی جۆن فریدریکز لە دوا کاتژمێرەکانی پێش کۆتایهاتنی ئاگربەست لەگەڵ کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە ئێران قسەی کرد.

پێشکەشکاری بەرنامە ڕادیۆیییەکە، ئێوارەی دووشەممە بە کاتی واشنتن لە سەرۆکی ئەمەریکای پرسی "ئەمڕۆ دوا پەیامت بۆ ئێران چییە؟ ئەوان دەڵێن ڕەنگە دانوستان نەکەن، ڕەنگە نەچنە پاکستان، تەقەیان لە کەشتییەکیش کردووە و لە ئێستادا پەیامەکەت بۆ ڕژێمی ئێران چییە؟؟

سەرۆک ترامپ لە وەڵامدا بە شێوەیەک لە شێوەکان بانگەشەکانی کۆماری ئیسلامی ڕەتکردەوە و وتی ئەوان دانوستان دەکەن.

ترامپ وتی "ئەگەر بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دانوستان نەکەن، ڕووبەڕووی کێشەیەک دەبنەوە کە پێشتر نەیانبینیوە، دانوستان دەکەن و هیوادارین بگەنە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە و وڵاتەکەیان ئاوەدان بکەنەوە... بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا، چەکی ئەتۆمییان نابێت."
وتیشی دەستڕاگەیشتن و توانای بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمییان نابێت.

سەرۆکی ئەمەریکا وتی "ناتوانین ڕێگە بدەین کۆماری ئیسلامی چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت، چونکە دەتوانێ جیهان لەناو ببات، ڕێگە نادەین ئەمە ڕووبدات."

لە شوێنێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند "ئەگەر کۆماری ئیسلامی چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێ، ئەوان لێرە بەکاری دەهێنین، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناو دەبەن، ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناو دەبەن، ئینجا دێنە ئەورووپا و دێنە ئێرەش. چونکە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی نەخۆشن. زۆر نەخۆشن و ناتوانین ڕێگە بدەین ئەوە ڕووبدات."

ئاماژەی بەوەشکرد "پێموایە تا ئێستاش لەڕووی سەربازییەوە سەرکەوتنمان بەدەستهێناوە. ئەوان هێزی دەریایییان نییە، هێزی ئاسمانییان نییە، ڕاشکاوانە، سەرکردایەتییان نییە، سیستەم و ئامێری بەرگری ئاسمانییان نییە. هەموویان نەماون، هەموویان نەماون ودەبینن چی ڕوودەدات. بۆیە ئێستا ئێمە کۆنترۆڵی تەنگەکەمان کردووە."

سەرۆک ترامپ وتی "ئێمە ڕێگەیان پێنادەین هیچیان دەست بکەوێت. ئەوان ڕۆژانە 500 ملیۆن دۆلار لەدەست دەدەن، چونکە ئێمە ڕێڕەوی دەریاییەکەمان داخستووە، تەنگەی هورمزمان داخستووە، و شتە باشەکان ڕوودەدەن."

محەممەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی(سەرۆکی پەرلەمانی ئێران) ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لە پلاتفۆرمی ئێکس بانگەشەی ئەوەی کرد کە کۆماری ئیسلامی لە دوو حەفتەی ڕابردوودا خۆی بۆ پیشاندانی کارتی نوێ لە بەرەکانی شەڕدا ئامادە کردووە.

ناوبراو وتی "ئێمە دانوستان لە ژێر سێبەری هەڕەشەکاندا قبوڵ ناکەین."

This item is part of
XS
SM
MD
LG