دیپلۆماتکارانی یەکێتی ئەورووپا دەڵێن سزاکان بۆسەر ئێران زیاتر دەکەن بەشێوەیەک کە کاربەدەستانی بەرپرسیار لە داخستنی تەنگەی هورمزیش بگرێتەوە کە دەروازەیەکی گرنگی هاتووچۆی دەریاییە لە کەنداو.
تەنگەی هورمز نزیکەی دوومانگە و پاش شەڕی ئێران و ئەمەریکا بە داخراوی ماوەتەوە و بەهۆیەوە جمووجۆڵی بازرگانی نەوتی جیهان پەکی کەوتووە.
لە 28 مانگی دووەوە لە پاش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمەریکا وئیسرائیل تاران تەنگەی هورمزی داخست کە بووە هۆی ڕاگرتنی یەک لەسەر پێنجی دابینکردنی نەوت و گازی سروشتی لە جیهان.
پاش ئەوەی ڕۆژی هەینی ئێران بۆ ماوەیەکی کورت تەنگەی هورمزی کردەوە زیاتر لە 10 کەشتی نەوتهەڵگر پەڕینەوە، بەڵام دواتر ئێران جارێکی دیکە هورمزی داخستووە و هاتوچووی کەشتییەکانی خستە مەترسییەوە.
دیپلۆماتکارانی یەکێتی ئەورووپا دەلێن "ڕێککەوتنێکی سیاسی هەیە کە بەڕاستی بە تەمایە پێوانەکانی سزاکانی سەر ئێران بگۆڕن بەشێوەیەک ئەو کەس و قەوارانەش بگرێتەوە کە بەرپرسیارن لە داخستنی تەنگەی هورمز"
دیپلۆماتکارێکی دەزگای کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا دەڵێت دەزگاکە پێویستی بە چەند هەفتەیەک دەبێت هەتا لیستی ناوەکان ئامادە بکات و پاشان سزا بەسەرئەو کەس و کۆمپانیایانەدا دەسەپێنێت کە بەرپرسیار بوون.
یەکێتی ئەورووپا سزاکانی سەر ئێران فراوانتر دەکات بۆ ئەوی ئەو کەسانەش بگرێتەوە تەنگەی هورمزیان داخستووە