Accessibility links

ترامپ: سبەی ئێوارە نوێنەرانمان لە پاکستان دەبن؛ "ئەگەر ئێران پێشنیارەکەمان قبوڵ نەکات، پرد و وێستگەکانی کارەبا لەناو دەچن"

دۆناڵد ترامپ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث ڕایدەگەیەنێت ئێران بە تەقەکردن لە کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز ڕێککەوتنی ئاگربەستی پێشێل کردووە.

سەرۆک ترامپ لە پەیامەکەیدا کە ڕۆژی یەکشەممە، 19ی مانگی چوار بڵاویکردووەتەوە دەڵێت تەقەکردنەکان کەشتییەکانی فەرەنسا و بەریتانیایان کردووەتە ئامانج و ئەو کارەی بە "پێشێلکردنی تەواوەتی" ئاگربەستەکە ناو بردووە.

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها ناردنی نوێنەرەکانی خۆی بۆ ئیسلام ئاباد ڕاگەیاند و دەڵێت "شاندەکە بەم زووانە دەگەنە پاکستان و سبەی ئێوارە لەوێ دەبن بۆ دانوستان."

ترامپ بە ئاماژەدان بە بارودۆخی تەنگەی هورمز، دەڵێت ئەم ڕێگا ستراتیجییە لە ئەنجامی کردەوەکانی ئەمەریکا بە شێوەیەکی کاریگەر داخراوە و زیادی کرد کە ئێران بە داخستنی ئەم دەروازەیە هەموو ڕۆژێک زیانێکی ئابووری بەرچاوی پێ دەگات. ترامپ هەروەها ڕایگەیاند کە بە پێچەوانەوە کەشتی زیاتر ڕوو لە بەندەرەکانی ئەمەریکا دەکەن.

سەرۆک ترامپ وتی " ئێران لەم دواییانەدا ڕایگەیاندووە کە ئەوان تەنگەکە دادەخەن، ئەمەش شتێکی سەیرە، چونکە گەمارۆی ئێمە پێشتر دایخستووە. ئەوان بەبێ ئەوەی بزانین یارمەتیمان دەدەن. ئێران بەهۆی داخستنی ئەو ڕێرەوە ڕۆژانە 500 ملیۆن دۆلار لەدەست دەدات. ئەمەریکا هیچ لەدەست نادات."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترامپ تۆنێکی توندی گرتەبەر و هۆشداریدا لەوەی کە ئەگەر "رێککەوتنی پێشنیارکراوی" قبوڵ نەکرێت، ئەمەریکا ڕەنگە ژێرخانی سەرەکی ئێران بکاتە ئامانج، لەوانە وێستگەکانی کارەبا و پردەکان. جەختیشی کردەوە، ئەگەر پێویست بکات ئەم کارە دەگیرێتەبەر.

سەرۆک ترامپ لە کۆتایی پۆستەکەیدا نووسیویەتی " ئێمە گرێبەستێکی زۆر دادپەروەرانە و گونجاو پێشکەش دەکەین، و هیوادارم وەریبگرن چونکە ئەگەر نەیکەن، ئەمەریکا بڕیارە هەموو وێستگەیەکی کارەبا و هەموو پردەکان لە ئێراندا لەناو ببات."
وتیشی"ئەگەر رێککەوتن قبوڵ نەکەن، ئەوا ئەو شانازییەم پێدەدرێت ئەوەی سەرۆکەکانی پێشوو لە ماوەی 47 ساڵی ڕابردوودا بە نسیبەت ئێرانەوە نەیانکردووە، من دەیکەم و کاتی ئەوەیە ئامێری کوشتنی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕابگیرێت."

This item is part of
XS
SM
MD
LG