هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا هێزەکانی ئەو وڵاتە لە باشووری لوبنان ناسنامەی ئەو کەسانەیان دەستنیشان کردووە کە بە وتەی سوپای ئیسرائیل ڕێککەوتنی ئاگربەستیان پێشێل کردووە و بەرەو پێگەی هێزەکانی ئیسرائیل هەنگاویان ناوە و "مەترسی دەستبەجێ"یان دروست کردووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سوپای ئیسرائیل، هێزەکانی ئەو وڵاتە لە باشووری لوبنان دوای دەستنیشانکردنی ئەو کەسانە، چەند شوێنێکی باشووری لوبنانیان کردووەتە ئامانج بۆ لەناوبردنیان. جگە لەوەش هێرشی تۆپخانە بۆ پاڵپشتیکردنی هێزە زەمینییەکان ئەنجامدرا و هەندێک ژێرخانی "پەیوەندیدار بە چالاکییە تیرۆریستییەکانەوە" لەناوبران.
سوپای ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە کردەوەکانی لە چوارچێوەی دەسەڵاتدارانی سیاسی وڵاتەکەدا ئەنجام دەدرێن و ئەو هێزانە دەسەڵاتیان پێدراوە ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ بەرگری لە خۆیان لە بەرامبەر هەڕەشەکان، تەنانەت لە هەلومەرجێکدا کە ئاگربەست لە ئارادایە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە ڕێوشوێنی بەرگری و لەناوبردنی هەڕەشەکان بە ئاگربەست سنووردار ناکرێن و سوپای ئیسرائیل ڕێگە نادات ئاسایشی هاووڵاتییان و ئەو هێزانەی لە مەیدانەکەدا جێگیرکراون بکەوێتە مەترسییەوە.
هەروەها سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ پاککردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی و نەهێشتنی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر هاووڵاتیان و هێزەکانی.