دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی لوبنان و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند ئاگربەستێکی 10 ڕۆژت لە نێوان هەردوو وڵاتەکە لە ئەمشەوە دەستپێدەکات.
سەرۆک ترامپ لە هەژماری خۆی لە تروث دوای گفتوگۆکانی ئەم دواییە نووسیویەتی "هەردوو سەرکردە ڕێککەوتوون لەسەر دەستپێکردنی ئاگربەستێکی فەرمی بۆ ماوەی 10 ڕۆژ بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لەنێوان وڵاتەکانیان، کە لە کاتژمێر 5ی ئێوارە بە کاتی ڕۆژهەڵات دەستپێدەکات."
واتە ئاگربەستەکە لە نیوەی شەوی پێنجشەممە و بە کاتی ئیسرائیل و لوبنان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ترامپ ئاماژەی بەوەشکردووە جێگری سەرۆک جەی دی ڤانس و مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوە و دان کاین سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی ڕاسپاردووە کە "لەگەڵ ئیسرائیل و لوبنان کاربکەن بۆ بەدەستهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام".
لە کۆتایشدا نووسیویەتی "شانازیی من بووە کە نۆ شەڕم لە سەرانسەری جیهاندا یەکلایی کردۆتەوە و ئەمەش دەبێتە 10هەمین، بۆیە وەرن با تەواوی بکەین!"
سەرۆک ترامپ هەروەها لە پۆستێکی دیکەدا نووسیویەتی "هەم سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، نەتانیاهۆ و هەروەها سەرۆکی لوبنان، جۆزێف عەونم بانگهێشتی کۆشکی سپی کردووە بۆ یەکەمین گفتوگۆی مانادار لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان لەوەتای ساڵی 1983ەوە کە ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر بووە. هەردوولا دەیانەوێت ئاشتی ببینن، و باوەڕم وایە ئەوە ڕوودەدات، بە خێرایی!."
دوای ئاگربەستی هەشت ڕۆژەی نێوان ئێران و ئەمەریکا، وەستانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی حزبوڵا لە لوبنان بووبوو بە خاڵێکی چەسپاو لە دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ. ئێران ئاگربەستی لە لوبنان کردبووە یەکێک لە مەرجەکانی ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا.