وەزیری جەنگی ئەمەریکا دەڵێت سوپای ئەمەریکا ئامادەیە بەهێزتر ئۆپەراسیۆنەکانی توڕەیی ئەفسانەیی دەستپێبکاتەوە و داوا لە ڕژێمی ئێران دەکات "بە ژیرانە" هەڵسوکەوت بکەن، بە قۆستنەوەی ئەو دەرفەتی ڕێککەوتنە کە خراوەتە بەر دەمیان .
وەزیری جەنگ پیت هێگسێت ئەمڕۆ ڕایگەیاند، "ئێران هەرگیز ناتوانێت ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی، هەرگیز. ئێمە دەتوانین ئەم ئامانجە بەدەست بهێنین، بە ڕێگایەکی ئاشتیانە یان بە ڕێگای سەخت. بۆیە بە ژیری هەڵبژاردنەکەتان ئەنجام بدەن."
هێگسێت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە پنتاگۆن بە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی گوت، "دوعا دەکەم ئەو ڕێککەوتنە هەڵبژێرن کە لە دەستتدایە بۆ باشترکردنی دۆخی وڵاتەکەتان و جیهانیش."
وەزیری جەنگ ئاماژەی دا بە گەمارۆ "سەرکەوتووەکەی" ئەمەریکا بۆ سەر کەناراوەکانی ئێران لە ناوچەی تەنگەی هورمز و گوتی وەزارەتی گەنجینە 'ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی ئابووری' بۆ سەر ڕژێمی ڕژێم دەستپێکردووە و "هەتا ئەو کاتەی پێویست بکات" بەردەوام دەبێت.
لە کاتێکدا ئامادەکارییەکان بەردەوامن بۆ ئەنجامدانی گەڕی دووەمی دانوستانی ڕاستەوخۆ لە پاکستان، هێگسێت ئاماژەی دا بەوەی ئەگەر ئێران ڕێککەوتن هەڵبژێرێت، ئەوا "داهاتووێکی خۆشگوزەران" و "پردێکی زێڕینی" لەبەردەم دایە.
بەڵام وەزیری جەنگ هەڕەشەی کرد "ئەگەر ئێران بە خراپی هەڵبژێرێت، لە یەک کاتدا بۆمب و ئابڵوقەیان دەخرێتە سەر."