مایک واڵتز نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە 14ی مانگی چوار لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ڕایگەیاند هەنگاوەکانی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا، توانای ڕێژیمی ئێرانی بۆ بە بارمتەگرتنی ئابووریی جیهانی لەناو بردووە.
واڵتز هەواڵی تێپەڕبوونی دوو کەشتی جەنگی ئەمەریکای بە تەنگەی هورمز پشتڕاست کردەوە و جەختی لە بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەکانی پاککردنەوەی ئەو ڕێڕەوە ئاوییە کردەوە لەو مینانەی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە چێنراون.
نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاماژەدان بەوەی کە بەم کارەی ئەمەریکا، ئەم توانایە لە کۆماری ئیسلامی سەندراوەتەوە، وتی "لە ڕوانگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، ناتوانین لە جیهانێکدا بژین کە کاتێک دوو لایەن لە ململانێدان - بەبێ گوێدانە ئەوەی کە تۆ لەگەڵ ململانێکان هاوڕا بیت یان نا - وڵاتێک هەوڵی داخستنی تەنگەی جبل طارق یان تەنگەی بێرینگ یان هەر ڕێڕەوێکی ئاوی نێودەوڵەتی دیکە بدات."
جەختیشی لەوە کردەوە کە سەرۆک ترامپ لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، زۆر پێش ئەوەی بچێتە ناو سیاسەتەوە، بەردەوام جەختی لەوە کردووەتەوە کە "ڕژێمێک کە کۆمەڵکوژی دەکات و پەنجەی لەسەر دوگمەی ئەتۆمییە، جێگای قبوڵکردن نییە."
وتیشی "دەبێت پێتان بڵێم، تەنها سوپاسگوزارم کە دواجار سەرۆکێکمان هەیە کە بەڕاستی هەنگاوی بوێرانە و یەکلاکەرەوە دەگرێتەبەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەک پێش ئەوەی ببێتە قەیرانێکی ڕەها و پێش ئەوەی هیچ بژاردەیەکمان نەبێت."
چەند کاتژمێرێک پێش ئەم قسانە، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتی کردبووەوە کە ڕژیمی ئێران ناتوانێ چەکی ئەتۆمی هەبێت" و ڕایگەیاندبوو کە خولی داهاتووی دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دەتوانێ لە دوو ڕۆژی داهاتوودا لە پاکستان دەست پێ بکاتەوە."