Accessibility links

دانوستانەکانی ئیسرائیل و لوبنان لە واشنتن کۆتایی دێت؛ گفتوگۆی ڕاستەوخۆ بەردەوام بێت

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دوای کۆبوونەوەی سێ قۆڵی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ باڵیۆزی ئیسرائیل و لوبنان لە واشنتن ڕایگەیاند، لایەنەکان ڕێککەوتوون لەسەر درێژەدان بە دانوستانەکان بە شێوەی ڕاستەوخۆ.

کۆبوونەوەی سێ قۆڵی ڕۆژی سێشەممە 14ی مانگی چوار بە میوانداری واشنتن و ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و باڵیۆزی ئیسرائیل و باڵیۆزی لوبنان بەڕێوەچوو.

لە بەیاننامەیەکدا دوای کۆبوونەوەکە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند "ئەمەریکا دووپاتی کردووەتەوە کە هەر ڕێککەوتنێک بۆ وەستاندنی شەڕ و پێکدادان لە نێوان هەردوو حکومەت دەبێت بە نێوەندگیری ئەمەریکا بکرێت، نەک لە ڕێگەی هیچ کەناڵێکی جیاوازەوە.

ئەم دیدارە یەکەمین کۆبوونەوەی ئاست بەرزی نێوان بەرپرسانی ئیسرائیل و لوبنانە لە ساڵی 1993ەوە.

وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا هەروەها لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاند "ئەمەریکا پیرۆزبایی ئەم ساتە مێژووییە لە هەردوو وڵات دەکات و پشتیوانی خۆی دەردەبڕێت بۆ دانوستانی زیاتر و هەروەها بۆ پلانەکانی حکومەتی لوبنان بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی خۆی بەسەر وڵاتەکەی و کۆتاییهێنان بە کاریگەرییەکانی ئێران."

باڵیۆزی ئیسرائیل دوای کۆبوونەوەی سێ قۆڵی ڕایگەیاند، هەردوو لایەنی ئیسرائیل و لوبنان "یەکگرتوون" لە "رزگارکردنی لوبنان" لە ژێر کاریگەریی کۆماری ئیسلامی و ئەو کۆبوونەوەیە "سەرەتای" هەوڵە نوێیەکانە بۆ شکستپێهێنانی حزبوڵا.

دیداری ڕووبەڕووی باڵیۆزی هەردوو وڵات جێگای سەرنجە، چونکە ئیسرائیل و لوبنان پەیوەندی دیپلۆماسییان نییە.

ئەم دیدارە لە کاتێکدا ئیسرائیل دوای هەفتەیەک لە ئاگربەستی لەگەڵ ڕژێمی ئێران بەردەوامە لە شەڕی دژی حزبوڵا، وەک خاڵێکی وەرچەرخانی مێژووی لەقەڵەم دەدرێت.

حکومەتی لوبنان بە سەرۆکایەتی جۆزێف عەون سەرۆک کۆماری لوبنان و نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی لوبنان، سەرەڕای دژایەتی حزبوڵا، داوای دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل دەکات.

This item is part of
XS
SM
MD
LG