Accessibility links

سەرۆکی موساد: ئامانجی ئێمە گۆڕینی ڕژێمە لە ئێران

سەرۆکی مۆساد دەڵێت بەرپرسیارێتی مۆساد بەرامبەر بە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران تەنیا بە گۆڕینی ئەو ڕژێمە توندڕەوە جێبەجێ دەکرێت.

دەیڤید بارنیا، سەرۆکی مۆساد ڕۆژی سێشەممە 14ی مانگی چوار لە ڕێوڕەسمێکدا کە بە بۆنەی ڕۆژی یادکردنەوەی هۆلۆکۆستەوە بەڕێوەچوو، وتی "گۆڕینی ڕژێم لە ئێران ئەرکی ئێمەیە و لە بەرامبەر هەڕەشەیەکی تری وجوودی بۆ سەر ئیسرائیل بێدەنگ نابین و تەنیا سەیر بکەین."

ناوبراو بە ئاماژەدان بە ئۆپراسیۆنی ئەم دواییەی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە دژی کۆماری ئیسلامی وتی "موساد لە کاتی ئۆپراسیۆنی سەربازیدا لە دڵی تاراندا چالاک بوو."

بە گوتەی بارنیا، مۆساد بە هاوکاری ڕاستەوخۆ لەگەڵ سوپای ئیسرائیل، لە ناوخۆی ئێران و لە ناوەڕاستی تارانەوە زانیاری وردی بە هێزی ئاسمانی داوە و هەر شتێک کە هەڕەشەی لە ئیسرائیل کردبێت، کردووەتە ئامانج.

سەرۆکی مۆساد ئەرکی ئەو دەزگایەی لە ئێران بە "ناتەواو" ناوبرد و ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەرکەکەمان بە کۆتایی هاتنی شەڕ کۆتایی نایەت، پلانمان هەیە بۆ قۆناغی دوای جەنگ کە دەبێت بەدەستی بهێنین."

ناوبراو جەختی کردەوە "بەرپرسیارێتی و ئەرکی موساد لە مەسەلەی کۆماری ئیسلامی ئێران تەنیا کاتێک کۆتایی پێدێت کە ڕژیم لە ئێران بگۆڕێت.

ماوەی ئەرکی دەیڤید بارنیا لە مۆساد لە چەند مانگێکی دیکە کۆتایی دێت و ڕۆمان گۆفمان دوای بارنیا پۆستی سەرۆکی مۆساد دەگرێتە ئەستۆ.

This item is part of
XS
SM
MD
LG