بازاڕە جیهانییەکان ئەمڕۆ سێشەممە بەرزبوونەوەیان بەخۆیانەوە بینی ئەمەش لەکاردانەوە بە بەرزبوونەوەی هیواکان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران.
پشکەکانی جیهان لە بازاڕەکاندا بەرزبوونەوە، هاوکات نرخی نەوت دابەزی و دۆلاریش کەمێک لاواز بوو.
ئەم ڕەوتە ئەرێنییە لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا گەمارۆی دەریایی بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا وتووێژەکان بە بێ ئەنجام کۆتاییان هات.
بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، پشکەکانی ئەوروپا بەڕێژەی 0.6% بەرزبوونەتەوە و هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بەڕێژەی 0.3% دابەزی و گەیشتە 99 دۆلار و نەوتی خاوی ئەمەریکاش بەڕێژەی 1.6% دابەزی و گەیشتە 97 دۆلار و 50 سەنت.
نرخی یۆرۆ بەڕێژەی 0.4% بەرزبووەوە و گەیشتە 1.18 دۆلار و پاوەندیش بەڕێژەی 0.5% بەرزبووەوە و گەیشتە 1.357 دۆلار، ئەمەش بەرزترین ئاست لە ماوەی زیاتر لە شەش هەفتەدا و سەرووی ئاستی پێش دەسپێکردنی شەڕەکەیە.
هەروەها ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە سەرەڕای دەستپێکردنی گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران، داتاکانی کەشتیوانی دەریخستووە سێ کەشتی نەوتهەڵگری پەیوەندیدار بە ئێرانەوە بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون.
بازاڕە جیهانییەکان لەکاردانەوە بە هیواکان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران بەرز دەبنەوە